رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، ژنێک و منداڵێک دوای 152 کاژێر لەژێر داروپەردووی دوو باڵەخانەی جیاواز رزگارکران.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی شوباتی 2023، لە ناوەندی شاری سەمسوور، دوای تێپەڕبوونی 152 کاژێر بەسەر بوومەلەرزەکەی مەرەش، لە گەڕەکی ئەلیتاش ژنێكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی رەبیعە لە ژێر باڵەخانەیەکی رووخاودا دەرهێندرا.
تیمەکانی رزگاکردن و فریاگوزاری دوای بیستنی دەنگی ئەو ژنە دەستیان کرد بەکارکردن بۆ رزگاکردنی. لەئەنجامی کاری بەردەوامی تیمەکان لەماوەی هەشت کاژێردا ئەو ژنە رزگار کرا و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەر لە سەمسوور لە گەڕەکی جمهورییەت منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵ بە ناوی ئەحمەد دوای 152 کاژێر مانەوەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا بە برینداری دەرهێندرا.
تیمەکانی رزگاکردن و فریاگوزاری دوای بیستنی دەنگ، هەوڵەکانیان چڕکردەوە و دوای حەوت کاژێر کارکردن توانییان ئەو منداڵە دەربهێنن و رەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.
لە حەوتەمین رۆژی بوومەلەرزەکەی مەرەش، هەرچەندە هیواکان لاوازبوون بۆ دەرهێنانی ئەو کەسانەی لەژێر داروپەردووەکاندا ماونەتەوە بە زیندوویی، بەڵام هێشتا هەواڵی دڵخۆشکەر بڵاودەبنەوە.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە تا کاژێر 13:00 لە پارێزگاکانی سەمسوور سێ کەس و لە مەرەش کەسێك رزگارکراون. لە پارێزگای هاتای تورکیاش شەش کەس رزگارکراون.
بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان کە دووشەممەی رابردوو بە روویدا، تائیستا 24 هەزار و 617 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 80 هەزار و 278 کەسی دیکەش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ