پزشکێک لە ئیسلاحیە: زۆربەی منداڵان لەدوای بوومەلەرزەکە تووشی پەتا بوون

رووداو دیجیتاڵ

 
زیاتر لە 70 وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە هاوکاری مرۆیی و ماددی پێشکێشی تورکیا و باکووری کوردستان بکەن و بەشێک لەو تیمانە گەیشتوون. لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی شوێنی مانەوە و پێداویستیی گەرمکەرەوە، بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا.
 
دکتۆر سەرمەد ئاکری، پزیشکێکی تیمی تەندروستیی دهۆک کە لە ئیسلاحیەی باکووری کوردستان خزمەتگوزاری بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە دەگەیێنێت، رۆژی یەکشەممە 12-02-2023 بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداوی گوت: ''زۆربەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئێمە دەکەن، منداڵن کە بەهۆی ساردیی هەوا، تووشی پەتا و هەڵامەت بوون''.
 
بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانی 6ـی شوباتی 2023 کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریایان هەژاند، تائێستا (دووشەممە، 13-2-2023) بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی 30 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان هەزار کەسیش برینداربوون. هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە.
 
سەرمەد ئاکری دەڵێت، ئێستا زۆربەی هاووڵاتییان لە ئیسلاحیە لە کەمپەکاندا کەوتوون و ناتوانن بچنەوە نێو ماڵەکانیان، زۆربەیان پەتایان لێیە یان ئەندامی جەستەیان شکاوە و پێویستییان بە چارەسەر و دەرمانە.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، دەزگا خێرخوازییەکان لە شارۆچکەی ئیسلاحیە، لە شەقامەکاندا خۆراک و خواردنەوە دادەنێن بۆ ئەوەی لێقەوماوان لانیکەم بتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن، بەڵام وەک دەڵێ "هێشتا خزمەتگوزارییەکان بە تەواوی شارۆچکەکە نەگەیشتوون''.
 
ژمارەی دانیشتووانی ئیسلاحیە 60 هەزار کەسە و نزیکەی 70٪ـی ژێرخانی بیناسازیی ئەم شارۆچکەیە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بە تەواوی وێران بووە.
 
دکتۆر سەرمەد ئاکری باسی لەوە کرد، تیمی تەندروستیی دهۆک بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی وەزارەتی ناوخۆ، دوو هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا رزگار کردووە کە بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە. دەشڵێت، ''ئێستاش ژمارەیەکی زۆر تەرم لەژێر باڵەخانەکاندا ماوەتەوە''.
 
بەشێکی زۆری ئەو باڵەخانانەی لە ئیسلاحیە نەڕووخاون، بە تەواوی درزیان بردووە و مەترسیان لەسەرە. تەواوی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ژێر خێوەت، سەر شەقام و نێو ئۆتۆمبێلەکان دەمێننەوە.
 
زیاتر لە 19 تیمی فریاگوزاری و تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستانن بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییانی بوومەلەرزەکان. پەیامنێری رووداو باسی لەوەش کرد، تەنیا تیمی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە حەوت تۆن دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بەسەر هاووڵاتییان دابەشکردووە.