لە شنۆ دوو گیراوی کورد مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی شۆڕشی شاری ورمێ دوو برا و هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ، کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی رابردووەوە دەستگیرکرابوون، بە شەڕ لە دژی خودا تۆمەتبار کردووە. ئەم تۆمەتە دەتوانێت سزای قورسی وەکو سێدارەی بەدواوە بێت.
 
کۆمەڵەی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، "دادگەی ئینقلابی شاری ورمێ تۆمەتی موحاڕبەی داوەتە پاڵ فەرهاد و فەرزاد تەهازادە و هێمن شاهی."
 
سەرچاوەیەک نزیک لە خێزانی برایانی تەهازادە بەو کۆمەڵەیەی گوتووە، تۆمەتی موحاڕەبە لە کاتێکدا خراوەتە پاڵ ئەو سێ کەسە، کە "تاوەکو چەند رۆژ لەمەوبەر رێگە بە پارێزەرەکانیان نەدراوە دەستیان بە دۆسیەکانیان رابگات و تاوتوێی بکەن."
 
دایکی فەرهاد و فەرزاد تەهازادە رۆژی 14.12.2022 لە پەیامێکدا داوای ئازادکردنی کوڕەکانی کرد و گوتی: "کوڕەکانم تاوانیان نییە. بێ ئەوەی دادگایی بکرێن حوکمیان داون، بەبێ ئەوەی بەڵگەیەکیان لەسەر بێت. ئەشکەنجەدراون." 
 
شەوی 13.12.2022 هەندێ سەرچاوە باسیان لەوە کرد فەرهاد و فەرزاد بەیانیی رۆژی 14.12.2022 مەترسیی لەسێدارەدانیان هەیە، ئەمە وایکرد هاکان دەمیر، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا هەوڵ بۆ پاراستنی گیانیان بدات.
 
ئەو کات ناسر عەتەباتی، سەرۆکی دادی پارێزگای ورمێ رەتیکردەوە ئەو دوو برایە حوکمیان بەسەردا سەپێنرابێت. ئەوان بەهۆی بەشداریکرنیان لە خۆپێشاندانەکانی شاری شنۆ دەستگیرکراون. چەند کەسی دیکەش لە دەستگیرکراوانی شنۆ دۆخیان ناڕوونە، هەرچەندە هەندێ لە رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ دەڵێن، ئەوانیش مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە.