مەزڵووم عەبدی: رووداوەکانی زیندانی حەسەکە کەموکورتیی ئێمە و هێزە نێودەوڵەتییەکان بوو
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، بەشێک لە هۆکارەکانی هێرشەکەی سەر زیندانی حەسەکە بۆ کەموکورتیی هێزکانیان لە کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، کێشەکانیان بە هێزە نێودەوڵەتییەکانیش گوتووە، بەڵام گوێیان لێنەگیراوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس لەبارەی رووداوەکانی زیندانی حەسەکەوە گوتی، "لەبابەتی حەسەکەدا داعش دەیویست بچێتە قۆناخێکی نوێوە و بڵێن ئێمە هەین و لەڕووی سەربازییەوە دەتوانین هێرشبکەین. کوشتنی قەرداش ورەی ئەوانی رووخاند، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە داعش نەمابێت و کۆتایی هاتبێت، داعش وەکو پێشوو مەرکەزیی نییە و لامەرکەزی بە بنەما دەگرێت، رۆڵی خەلیفەش وەکو پێشوو مەیدانیی نییە."
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بە هۆکارەکانی هێرشەکانی داعش لە زیندانی غوێران کرد و گوتیشی، "لای ئێمەوە کەموکورتی هەبوو، هەندێک کەموکورتیی لە زیندانەکە خۆشیدا هەبوو، هۆکاری دووەمیشی ئێمە نین و هێزە نێودەوڵەتییەکانن. ماوەیەکی زۆر ئێمە کردمانە رۆژەڤی هەموو کەسێک، بە هەموویمان گوتووە ئەم زیندانە دروست نییە، پێشتر دووجار لە زیندانەکەدا داعش ناڕەزایی دەربڕیوە و خستوویەتییە ژێر دەستی خۆیەوە، بەڵام ئێمە چواردەوریمان گرتووە، هەموو کەسێکیش ئەوە دەزانێت، خۆی ئەوەی هەیە قوتابخانەیەکە داعشی تێدا زیندانیی کراوە، نەوەکو زیندان."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بە هۆکارەکانی مانەوەی داعشی کرد و گوتی، "سێ هۆکار هەیە کە داعش بەردەوام هەبێت و مەترسیی هەبێت، داعش گرفتی ماددی نییە و دەتوانێت پارە بەدەستبهێنێت، هەروەها کێشەی نەبوونی شوێنی پەروەردەی مرۆڤی نییە، سێیەمیش مۆڵگەی تایبەتی خۆی هەیە، وەکو کامپی هۆل و جێگەی دیکەش هەن، هەروەها فکری داعش وەکو ئایدۆلۆژیی هەیە و بەهێزە."
دەوروبەری کاژێر 07:30ـی ئێوارەی رۆژی 20-01-2022، داعش تەقینەوەیەکی گەورەی لە نزیک دەروازەی گرتووخانەی غوێران ئەنجامدا. دواتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزی پاسەوانیی گرتووخانەکە و چەکدارانی داعش کە لە باشووری شارەکەوە چووبوونە نزیک گرتووخانەکە دروستبوو.
رۆژی چوارشەممە 26-01-2022 هەسەدە بە بەشداریی هەزاران شەڕڤان لە ئۆپەراسیۆنێکدا بەناوی "چەکوشی گەلان" دوایین بەشی گرتووخانەی غوێرانی لە حەسەکە کۆنترۆڵکردەوە و لە دەستی بەندکراوە یاخیبووەکانی دەرهێنا.