قایمقامی ئاکرێ: لە رووبەرێکی 190 دۆنمیدا پڕۆژەی چاندنی دار زەیتوونمان دەستپێکردووە
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئاکرێ دەڵێت: "پڕۆژەیەکی گەورەمان بۆ رواندنی دار زەیتوون لە رووبەرێکی 190 دۆنم دەستپێکردووە و بە نزیکەی دوو ساڵ تەواو دەبێت".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیەکی گەورە و نوێمان بۆ سەوزکردن بە بەرهەمی نێوخۆیی دەستپێکردووە کە بریتییە لە رواندنی سەتان هەزار داری زەیتوون لە گوندی خرپێ لە سنووری شارەوانیی ئاکرێ."
قایمقامی ئاکرێ دەڵێت: "رووبەری زیاتر لە 190 دۆنم بۆ رواندنی دار زەیتوونەکان دیاریکراوە و دەست بە رواندنیان کراوە. هەر لەو ناوچەیە کارگەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی رۆن و بەرهەمەکانی دیکەی زەیتوون دروست دەکرێت و دواتر بەرهەمەکانی دەخرێنە بازاڕەوە. تەواوبوونی پڕۆژەکەش رەنگە دوو ساڵی پێویست بێت."
لەبارەی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ، دلاوەر بۆزۆ ئاماژەی بەوە کرد: "کارکردن لەو پڕۆژەیە گەیشتووەتە ناوەندی ئاکرێ و تیمەکان خەریکی دانانی بۆرییەکانن. ئەگەر کارەکان بەم شێوەیە بەردەوام بن، تاوەکو 9 مانگی دیکە پڕۆژەکە تەواو دەبێت."
ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت لە کاژێرێکدا 3 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم بهێنێت. بە گوتەی قایمقامی ئاکرێ، "پڕۆژەکە دەتوانێت کێشەی ئاوی سەنتەری قەزاکە و 18 گوندی دەوروبەری بە تەواوی چارەسەر بکات."
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ لە 2013-8-10 دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە تەواونەکرا.