ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: رێگەی زینی وەرتێ بەهۆی بەفرەوە بە تەواوی داخرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، رێگەی زینی وەرتێ بە تەواوی داخراوە.
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-01-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی زینی وەرتێ کە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و راپەڕین بەیەکەوە دەبەستێتەوە بەهۆی بەفربارینەوە بەتەواوی گیراوە".
هەژار حەکیم گوتیشی: "داوا لە لەشۆفێران بە تایبەت بارهەڵگرەکان دەکەین ئەم رێگایە بەکارنەهێنن بۆ سەلامەتی خۆیان وسەرنشینان".
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی رەوانەی سنوورەکە کراون. هەژار حەکیم گوتی: "هەوڵ دەدرێت بە زووترین کات رێگەکە بکرێتەوە".
هەر ئەمڕۆ رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواوی رێگەکانی سنووری قەزای چۆمان بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستبووە و داواکارین کاری بە پەلە نەبێت، کەس سەردانی ئەو ناوچانە نەکات".
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینیش شەوی رابردوو بەفر باری. نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەک بارهەڵگر لە دەروازەی کێلێ لە شەوی رابردووەوە گیریان خواردووە".
لە ئیدارەی راپەڕینەوە تیمە فریاگوزارییەکان رەوانەی دەروازەی کێلێ کراون بۆ کردنەوەی رێگەکە.