رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گومرگى دەروازەی کێلێ رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، لە دوێنێ شەوەوە هاتووچۆی بازرگانیی لە دەروازەکەدا راوەستاوە و تاوەکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار نەهاتوون رێگاکە بکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، دەرسیم حەمە مەحموود، جێگری بەڕێوەبەرى گومرگى دەروازەی کێلێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 22:00ـی شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە دەروازەی کێلێ راوەستاوە."
بە گوتەی جێگری بەڕێوەبەرى گومرگى دەروازەی کێلێ، نزیکەی 20 سانتیمەتر بەفر باریوە. لە شەوی رابردووشەوە پەیوەندییان بە لایەنی پەیوەندیدارەوە کردووە کە بێن و رێگاکان بکەنەوە، "بەڵام تائێستا نەهاتوون رێگەکە بکەنەوە."
بەڵام نەقیب عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تیمەکانیان رەوانەی دەروازەی کێلێ کردووە و سەرقاڵی کردنەوەی رێگەکەن.
رۆژانە لە دەروازەی کێلێ، 150 بۆ 200 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتووچۆ دەکەن.
دەروازەی کێلێ، کە دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ساڵی 1991ـەوە بە شێوەیەکی نافەرمی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کراوەتەوە. لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە دەکەوێتە سنووری سەردەشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ