لە دێگەڵە قەرەباڵخیی زۆر دروستبووە؛ سەدان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی داخستنی رێگەی خەلەکان، لە دێگەڵە قەرەباڵخیی زۆر دروستبووە و سەدان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت گیریان خواردووە.
ئەمشەو یەکشەممە، هیدایەت هەمزە، شۆفێری بارهەڵگر بە رووداوی گوت، زیاتر لە دوو کاژێرە سەدان بارهەڵگر لە بازگەی دێگەڵە گیریان خواردووە و هیچ جووڵەیەک نییە، رێگەکە بەتەواوی داخراوە.
قەرەباڵخیی ئەو رێگەیە دوای ئەوە هات، دانیشتووانی سنووری خەلەکان رێگەی نێوان هەولێر-سلێمانییان داخست. هاتووچۆی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت لەنێوان ئەو دوو شارە کەوتە رێگەی دێگەڵە.
بە ڤیدیۆ.. بەهۆی داخستنی رێگەی خەلەکان، لە دێگەڵە قەرەباڵخیی زۆر دروستبووە و سەدان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت گیریان خواردووە pic.twitter.com/3Jy9NKT93h
— Rudaw (@Rudawkurdish) January 12, 2025
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت، "رێگەی هیزۆپ لەلایەن خەڵکەوە داخراوە، بۆیە قەرەباڵخی کەوتووەتە سەر رێگەی دێگەڵە و لە هەوڵداین کێشەکە چارەسەر بکەین".
لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، چوارەم جارە شاڕێگەی سلێمانی و هەولێر و ئیدارەی راپەڕین لەلایەن دانیشتووانی دۆڵی خەلەکانەوە بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا دادەخرێت.
داواکاریی گوندنشینانی خەلەکان تەواوکردنی قۆناخی دووەمی رێگەکەیە، کە 25 کیلۆمەترە و بۆ تەواوبوونی نزیکەی 30 ملیار دینار پێویستە.