خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی لە زۆریی باج نیگەرانن و داوای هەڵگرتنی دەکرێت

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
نزار جەزا
دوو موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکێکی سلێمانی. وێنە: رووداو
دوو موەلیدەی ئەهلی لە گەڕەکێکی سلێمانی. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی گلەییان لە زۆریی باجی ساڵانە هەیە. خاوەن موەلیدەیەک دەڵێت، ئەو باجەی ساڵانە لە سلێمانی وەردەگیرێت، "لە شارەکانی دیکە وەرناگیرێت،" ئەمەش ئەرکی قورس کردوون.
 
گۆران عومەر، خاوەن موەلیدە دەڵێت، "پارەی ئاو و کارەبا بە پارەی بازرگانی لێمان وەردەگیرێت، باجی ساڵانەمان نزیکەی دوو ملیۆن دینارە، کرێی زەوی ساڵانە نزیکەی 5 ملیۆن دینارە، گاز لیتری بە 620 دینارە، رۆن بەرمیلی بە نزیکەی 1.2 ملیۆن دینارە، ئەگەر موەلیدەکەش بشکێت، خاوەن موەلیدە هیچی دەستناکەوێت."
 
بەپێی رێنوێنییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، کە سەر بە وەزارەتی داراییە، ساڵانە پیشەوەرەکان باجیان لێ وەردەگیرێت، خاوەن موەلیدەکانیش بەپێی ڤۆڵتیەی موەلیدەکانیان لە نزیکەی 150 هەزار دینارەوە تاوەکو 2.5 ملیۆن دینار وەردەگیرێت.
 
کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان داوایان کردووە ئەو باجەیان لەسەر هەڵبگیرێت. عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی دەڵێت، "نەک هاوکاری [ناکرێین]، بەڵکو باجمان لەسەرە، ئاو و کارەباش وەکو شوێنێکی بازرگانی پارە دەدەین، لە شارەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پارەی ئاو و کارەبا و ئەو باجەش وەرناگیرێت، ئەمە تەنیا لە سلێمانی هەیە."
 
رووداو زانیویەتی، ئەگەر خاوەن موەلیدەکان ئەو باجە نەدەن، لەسەریان کەڵەکە دەبێت، چونکە رێنوێنیی وەزارەتی بۆ دەرچووە، مەگەر بە بڕیارێکی نوێ لاببرێت.
 
رووداو ئەو پرسەی بردە لای بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی سلێمانی، ئەو دەڵێت، "رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی جێبەجێ دەکەین، کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری بۆمان نێردراوە، بەپێی یاساش ئەو پارەیە وەردەگرین و دەینێرینەوە بۆ وەزارەتی دارایی."
 
بە گوتەی زانا مەحموود، بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی سلێمانی، خاوەن موەلیدەکان کاتێک دەچنە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، رەوانەی لای بەڕێوەبەرایەتیی باجی دەکەن، تاوەکو باجیش نەدەن مۆڵەتیان بۆ نوێ ناکرێتەوە، بەڵام لە هەولێر و دهۆک لە قائیمقامیەتەوە مۆڵەتیان بۆ نوێ دەکرێتەوە، ئەوانیش نایاننێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی باجەکان، بۆیە باجیان لێ وەرناگیرێت، "بەڵام ئەم باجە ئەگەر ئێستاش نەیدەن دواتر هەر دەبێت بیدەن و لەسەریان زیاد دەبێت."
 
بەپێی ئەو ئامارانەی بەردەستن، لە سنووری سلێمانی نزیکەی 570 موەلیدەی ئەهلی لەکاردان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەزای سۆران.

کارەبای سۆران: حوزەیرانی ئەم ساڵ کارەبای سەرجەم گەڕەکەکانی سۆران دەبێتە 24 کاژێری

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سۆران رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە لە مانگی 6ی ئەم ساڵدا، كاره‌بای ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كانی سەنتەری شاری سۆران دەکەنە 24 كاژێری.