فراکسیۆنی یەکگرتوو سکاڵا لەسەر وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و لۆگۆی یەکگرتوو.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و لۆگۆی یەکگرتوو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، بەهۆی پێدانی پشکنین بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت هەندێک لە پشکنینەکان نرخەکەی 10 هێندە زیادیکردووە، بۆیە لە دادگەی بەرایی هەولێر سکاڵایان لەسەر وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە تۆمارکردووە.
 
رۆژی یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، بوخاری جەمیل، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای پیتگۆ کرا، کە سەرجەم تاقیگە حکومییەکان بکرێن بە تاقیگەی تایبەت. بڕیاریان دا سکاڵا لەسەر وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان تۆمار بکەن.
 
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، "وەکو ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، لە دادگەی بەرایی هەولێر سکاڵام لەسەر وەزیری تەندروستی تۆمار کرد، رۆژی دادبینییەکەمان 21-1-2025ـە، هەر ئەمڕۆش ئاگادارکردنەوە بۆ وەزیری تەندروستی و ئەو کۆمپانیاکە دەرچوو."
 
لەبارەی گرێبەستەکە، ئەو ئەندام پەرلەمانە گوتی، "کۆمەڵێک تێبینیمان لەسەری هەیە، ناکرێت کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرجەم پێداویستییەکانی تاقیگەکان دابین بکات و قۆرخی بکات".
 
گرێبەستەکە لە 27-10-2024 واژۆکراوە. بوخاری جەمیل بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ یەک لە ستافی وەزارەتی تەندروستی ئاگاداری ئەم گرێبەستە نین، لە هەمان کاتدا زەمانی لێخۆشبوون بە نهێنی بۆ ئەم کۆمپانیایە دەرکراوە، هەموو ئەو نرخانەی پێشتر لە تاقیگە حکومییەکان هەبوون گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانکارییە لەکاتێکدایە کە خەڵک بە بارودۆخێکی خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت و مووچە نییە".
 
بە گوتەی ئەو ئەندام پەرلەمانە، "نرخی هەندێک لە پشکنینەکان بەراورد بە پێشتر 10 هێندە زیاد دەکات، پێشتر پشکنینی تالاسیما بە حەوت هەزار دینار بوو، کەچی بە گوێرەی ئەم گرێبەستە دەبێتە 24 هەزار دینار، گۆڕینی گورچیلە لە 300 هەزار دینارەوە دەبێتە ملیۆنێک و 850 هەزار... هتد".
 
گوتیشی، "لە 21ـی کانوونی دووەم ئێمە لە دادگە ئامادە دەبین و چاوەڕێ دەکەین ئەوانیش ئامادەبن، داوا لە دادگەی بەرایی هەولێر دەکەم بڕیارێک بدات لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بێت، چونکە هەموو خەڵکی لەم گرێبەستە زەرەرمەندن".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کانوونی دووەمی 2024، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "بە تەواوی ئەرک و بەرپرسیارێتییەوە دەڵێم هیچ تاقیگەیەکی حکومی رادەستی کەرتی تایبەت نەکراوە، ئەمە تەنیا پڕوپاگەندەیە، تەنیا دەیانەوێت هاووڵاتیان بە لاڕێداببەن و چەواشەکاری بە کۆمەڵێک چاکسازی حکومەت بکەن، ئەم بابەتە رەتدەکەینەوە و دوورە لە راستییەوە".
 
وەزیری تەندروستی دووپاتی کردەوە، "بلیت و رسوومات هیچ نرخێک بۆ نەخۆش زیادنەکراوە و هیچ ئەستۆیەکی دارایی لەسەر خۆی نییە، بەم پڕوپاگەندانە تەنیا دەیانەوێت نەخۆش چەواشە بکەن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاداما تورارێ، یاریزانی هەڵبژاردەی مالی و یانەی ئامەدسپۆر

ئامەدسپۆر بە تاکەگۆڵی رەشۆ شکستی بە ئەنقەرەگوجو هێنا

ئاداما تورارێ، یاریزانی هەڵبژاردەی مالی و یانەی ئامەدسپۆر لە دوایین چرکەکاندا تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و یانەی ئەنقەرەگوجوی تووشی شکست کرد.