رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى دارایی عێراق رایگەیاند، تەواوى مووچەى تەرخانکراوى هەرێمى کوردستان لە بودجەى پار ناردووە، سەرەڕاى پابەند نەبوونیان بە رادەستکردنى داهات کە بە زیاتر لە چوار تریلیۆن دینار هەژمارى کردووە. دەشڵێت: "بەرپرس نین لە خەرج نەکردنى مووچەکەیان لەکاتى خۆیدا".
12ى کانوونى دووەمى 2025، وەزارەتى دارایی عێراق راگەیێندراوێکى لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتى دارایی فیدراڵ رایگەیاند، پابەندن بە جێبەجێکردنى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى تایبەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان و دەڵێت: "پارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانمان داوە بە گوێرەى ئەو پارە تەرخانکراوەى لە یاسای بودجە دیاریکراوە".
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، "پارەى خانەنشینان، چاودێریی کۆمەڵایەتى، فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازیمان بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان ناردووە، سەرەڕاى ئەوەى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە ناردنى داهاتى نانەوتى بە پێچەوانەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى".
بە گوتەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، لەسەر بنەماى راپۆرتى تەرازووى پێداچوونەوەى (داهات و خەرجى) داهاتى نانەوتى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى 2024، چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیی سێ ساڵەى عێراق، ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە لایەن بەغداوە، پەیوەست کراوە بە رادەستکردنى داهاتى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان.
پار، هەرێمى کوردستان بە پێنج گوژمە، 399 ملیار دینارى وەک داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا کرد.
وەزارەتى دارایی عێراق دەڵێت: "هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بە دابەشکردنى مووچە بەشێوەى مانگانە، سەرەڕاى ئەوەى بە هاوشێوەى فەرمانبەرانى دیکەى عێراق پارەى مووچەمان بۆ ناردوون و بەرپرسیار نین لە خەرج نەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە کاتى خۆیدا".
ساڵى 2024، فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مووچەى 11 مانگیان وەرگرتووە، هەرێمى کوردستان ئۆباڵى دابەشنەکردنى خستە ئەستۆى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ، بەوەى بەغدا "پارەى مانگى کۆتایی نەناردووە".
وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ ئەو بڕە پارانەى راگەیاندووە کە گوایە پار بۆ مووچەى چینە جیاوازەکانى هەرێمى کوردستان ناردوویەتى کە نۆ تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینارى بۆ مووچەى فەرمانگە مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان بووە، 130 ملیار و 931 ملیۆن دینار بۆ چاودێریى کۆمەڵایەتى بووە، 650 ملیار و 40 ملیۆن دینار بۆ خانەنشینى سەربازى بووە، 776 ملیار و 657 ملیار دینار بۆ خانەنشینى مەدەنى بووە، مووچەى مەدەنى ئەنفالکراوان 98 ملیار و 346 ملیۆن دینار بووە، مووچەى شەهیدانى سەربازى 338 ملیار و 479 ملیۆن دینار بووە، مووچەى زیندانییانى سیاسى 10 ملیار و 721 ملیۆن دینار بووە.
وەزارەتى دارایی دەڵێت: "دواکەوتنى مووچە بەهۆى پابەند نەبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان بووە بە بڕیارى داگەى باڵاى فیدراڵى تایبەت بە بەجێکردن بۆ دابەشکردنى مووچە".
دادگەى باڵاى فیدراڵیى لە 21ـى شوباتى 2024، لە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پەیوەستکرد بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتیى 2024ی عێراق، زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە، ئەوەى پەیوەندارە بە مووچەوە، 11.5 تریلیۆن دینارە.
2ى کانوونى دوومى 2025، وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەدا، لە 11.5 تریلیۆن دینارى پارەى مووچەى پشکى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى دارایی فیدڕاڵى 10.7 تریلیۆن دینارى بۆ مووچە ناردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ