دەزگای مین: لیستی مووچەی بەهەمیشەییکردنی کارمەندەکان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ راییکردنی کارەکانی بەهەمیشەییکردنی کارمەندە گرێبەستەکانیان، "ئەم مانگە لیستی مووچەی بەهەمیشەییکردنیان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین".
رۆژی یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەوڵدەدەین هەموو کارمەندە گرێبەستەکانمان بەهەمیشەیی بکەین و کارەکانیشمان لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی دەزگای مین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە."
761 کارمەندی گرێبەست لە دەزگای مین دا هەن. سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت، "لەو ژمارەیە 128کارمەند لە ناو نووسینگە کاردەکەن، 633 دیکەش لە کێڵگەکانی مین."
لە 25ی ئەیلوولی2024دا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی دا. جەبار مستەفا گوتی، "لەوکاتەوە ئێمە لیژنەمان پێکهێنا، ئێمە لەگەڵ بەهەمیشەییکردنی تەواوی کارمەندەکانمانین، ئەم مانگە لیستی مووچەی بەهەمیشەییکردنی کارمەندەکان بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرین، بەڵام دەبێت کێشەی بڕوانەمەکانیا چارە بکرێت."
زۆربەی کارمەندانی دەزگای مین تاوەکو ئێستا تەنیا بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە. سەرۆکی دەزگاکە دەڵێت، "کێشەی سەرەکیی ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەم پرۆسەیە لەو 633 کارمەندەیە کە لە کێڵگە مینەکاندا کاردەکەن، چونکە هەندێکیان زیاتر لە 25 ساڵ خزمەتی تەکنیکیان هەیە، بەڵام ئەگەر بەپێی بڕیارەکەی حکومەت بەهەمیشەیی بکرێن، مووچەیان لەسەر بنەمای بڕوانامە دەبێت و بێگومان کەمدەکات، چونکە تاوەکو ئێستا زۆربەیان بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە."
دەزگای مین داوادەکات، "تایبەتمەندیی بڕوانەمەی ئەو کارمەندانەی خزمەتیان زۆرە بە هەند وەربگیرێت و دەرماڵەکانیان بەرزبکرێتەوە، بەتایبەتی دەرماڵەی مەترسی پێویستە 200٪ بەرزبکرێتەوە، ئەوکاتیش مووچەکانیان هەر کەمدەبێت، بەڵام داهاتوویان تارادەیەک گەرەنتی دەبێت."
لە 25-9-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری، کۆبوونەوە و دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بوو.
ئەمە 140ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بوو کە وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، تێیدا "رەزامەندی لەسەر بەهەمیشەییکردنی تەواوی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان درا".