نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا؛ چوار دۆسیە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆدەبێتەوە، بەشداریش لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات، سەردانەکە یەکەم سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی نوێدا.
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە.
رووداو زانیویەتی جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و لایەنی دیکەی شیعەش کۆدەبێتەوە. هاوکات بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش کۆببێتەوە.
کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە دەبن، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەش بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات کە بڕیارە هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبن.
تەوەرەکانی گفتوگۆ؛ بودجە و مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا
بە درێژایی 2024 کێشەی مووچە و بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بوو، لە 2025یشدا هێشتا بەردەوامە و مووچەخۆران مووچەی مانگی 12یان وەرنەگرتووە، دیار نییە ئەو مووچە دەدرێت، یان مووچەی مانگی کانوونی دووەم وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان شایستە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان تاوتوێ دەکات، بە ئامانجی چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا باسی دۆخی عێراق و پێگەی لە ناوچەکە و هەڵوێستی بەرامبەر رووداوەکان بکرێت.
ئەنجامی سەردانەکەی سوودانی بۆ تاران لە کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو، لەگەڵ دۆخی سووریا دوو تەوەری دیکەن کە لە گفتوگۆکاندا باسیان لێوە دەکرێت.
بە گشتی ئەو دۆسیانە لەنێوان هەولێر و بەغدا هێشتا چارەسەر نەکراون تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان دەبن:
- شایستە و بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان
- هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان
- کێشەی دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی
- کێشەی ماددەی 140 و ناوچەکان