حکومەت چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دەدات
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەولێر و دهۆکی کرد. لەو بارەیەوە، چوار بڕیار دەرکران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان، بڕیار دراوە هەر پاڵاوگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر؛ دەبێ خاوەنی موەلیدەکان فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەشوهەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.
حکومەت لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "سەرۆکی حکومەت ئاماژەی دا بەوەی پرسی ژینگەپارێزی بەشێکی گرنگی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بە پاکی رابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە ، ئەرکی هەموو لایەکمانە."
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە "پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا ، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، رێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر."
چوار بڕیار بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکان دران:
یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
دووەم: رێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.
سێیەم: دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
چوارەم: رێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت.