ئامێرێک بۆ ئاگادارکردنەوە لە چەکی قەدەخەکراو لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت

رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێ ئامێریان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تیشکدانەوەکان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراوی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکردووە و سێ دانەی دیکەش جێگیر دەکەن.
 
رۆژی هەینی، 12-1-2024، ئەحمەد محەممەد مەولوود، بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ژینگەی عێراق هاوئاهەنگیی تەواو لەنێویاندا هەیە بۆ نوێکردنەوە و دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ پێوانی پاشخانی تیشکی لە هەرێمی کوردستان".
 
ئەو بەرپرسەی دەستەی ژینگە ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو لە سێ ناوچە لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک سێ ئامێر دانراون، بڕیارە بەمنزیکانە سێ ئامێری دیکە لە هەڵەبجە، زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، سنووری ئیدارەی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، بەتایبەت ئەمجارە لە ناوچە سنوورییەکان دادەنرێن.
 
ئەحمەد محەممەد مەولوود گوتی، "ئامێرەکان تایبەتن بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە بڵاوبوونەوەی گاز و تیشکی ئەو چەکانەی لە هێرشەکاندا لە ناوچەکەدا بەکاردەهێنرێن، واتە هەر تیشکێک لە هەوادا بڵاوبووبێتەوە، ئەوا ئاگادارکردنەوە دەدات و پێشوەختە لە پیسبوونی هەوا ئاگادارمان دەکاتەوە، بەنموونە ئەگەر لە دەوروبەرمان شەڕێک رووبدات و ژینگە و هەوا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی قەدەخەکراو پیس بێت، ئەو سیستمە ئاگادارمان دەکاتەوە."
 
بڕیاردەری ئەنجوومەنی باڵای ژینگەی لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لە رێگەی سیستمێکی ناوەندییەوە تاوەکو ئێستا 21 ئامێر لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دانراون. گوتیشی، "داوای دوو ئامێری دیکەمان کردووە بۆ ئەوەی لە سۆران و گەرمیان دایانبنێین."