ئەمریکا سەرکۆنەی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چوار بەندکراوی کورد لەلایەن ئێرانەوە دەکات

12-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، سەرکۆنەی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ئێرانەوە بۆ چوار بەندکراوی سیاسیی کورد دەکات و رایدەگەیێنێت، حکومەتی ئێران هێشتا لە رێگەی "دانپێدانانی زۆرەملێ، دادگەییکردنی نادادپەروەرانە و تۆمەتبارکردنی بێ بنەما" هەوڵدەدات دەنگی ناڕەزایەتییەکان و دژبەرە سیاسییەکانی کپ بکات.
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، ئابرام پالی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "سەرکۆنەی ئەو بریارەی لەسێدارەدانە دەکەین کە لەم هەفتەیەدا بەسەر چوار هاووڵاتیی کورد- ئێرانی، بە ناوەکانی موحسین مەزڵوم، پێشەمان فاتحی، وەفا ئازەربەر و محەمەد (حاجیر) فەرەمەرزی سەپێنراون."
 
ئابرام پالی نووسیویەتی، "رژێمی ئێران بەردەوامە لە کەڵکوەرگرتن لە تۆمەتی درۆ، دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییکردنی نادادپەروەرانە بۆ بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی و خۆپێشاندەرانی ئاشتییانە."
 
جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەکات، هەموو زیندانییانی سیاسی کە بە "ناڕەوا" دەستبەسەر کراون ئازاد بکات و دەست لە "سەرکوتکردنی گەل"ـەکەی هەڵبگرێت.
 
چوار زیندانی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتیحی، موحسین مەزڵووم، وەفا ئازەربار و محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی لەلایەن دادگەی شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی "هاوکاریکردنی ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، دواتر دادگەی تێهەڵچوونەوەش سزای سێدارەدانی ئەو چوار کەسەی پشتڕاستکردەوە.
 
موحسین مەزڵووم تەمەن 27 ساڵ و خەڵکی مەهابادە، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی بۆکانە و پژمان فاتیحی تەمەن 28 ساڵ و خەڵکی کامێرانە. ئەو چوار زیندانییە سیاسییەی کورد، رۆژی 23ـی تەممووزی 2021، لە گوندی "یەنگیجە"ـی ناوچەی برادۆست لە پارێزگای ورمێ دەستبەسەر کران.
 
لە تەممووزی ساڵی 2021، میدیای ئێران لە زاری دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە بڵاویانکردبووەوە، ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە ئەندامی کۆمەڵەن و نووسیبوویان "هەر چواریان چەکدار بوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئەسفەهان بتەقێننەوە"، بەڵام هەر ئەوکات کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تۆمەتەکانی رەتکردبووەوە و پاساوەکانی ئێرانیشی وەکو هەوڵدانێک بۆ بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکانی ئێران ناوبردبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە