تورکیا کوژرانی شەش سەرباز و برینداربوونی حەوتی دیکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

12-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوپای تورکیا کوژرانی شەش سەرباز و برینداربوونی حەوت سەربازی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئەمشەو، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، گەریلاکانی پەکەکە هەوڵیاندا لە خاڵێکەوە بچنە نێو سنووری تورکیا، بەڵام لەلایەن سەربازانی وڵاتەوە لە بنکەی زاپ لە پارێزگای دهۆک رێگریان لێکرا.
 
وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە شەش سەرباز کوژران و حەوت سەربازی دیکەش بریندار بوون و دۆخی تەندروستی دوو لە سەربازەکانیش سەختە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەڕو پێکدادانەکەدا 12 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە.
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ- قوفڵ لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 128 سەرباز.
 
هەرچەندە ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە، بەڵام میدیای نزیک لە پەکەکە باس لە هێرشێکی گەریلاکان دەکات بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە ناوچەی زاپ و دەشڵێت، شەڕەکە بەردەوامە و ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورکیا کوژراو و بریندار بوون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بازاڕەکە دوای سووتانی.

جێگری پارێزگاری سلێمانی: دووشەممە زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، دووشەممەی داهاتوو، سەرجەم زیانلێکەوتووانی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی دارەسووتاوەکە قەرەبووەکانیان وەردەگرن. گوتیشی، دووکانەکان لە پاشماوەی ئاگرکەوتنەوەکە پاککراونەتەوە.