پەرلەمانتارێکی پارتی لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دوو سکاڵا لەسەر سێ وەزیر تۆمار دەکات

12-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کوردی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دوو سکاڵای لە دادگەی فیدراڵی لەسەر سێ وەزیری عێراق تۆمار کرد، بڕیارە 24ـی ئەم مانگە دادگەکە تاوتوێی سکاڵاکان بکات، سکاڵای یەکەم لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی عێراق دووەمیشیان لەسەر وەزارەتی نەوتە لەبارەی پێنەدانی بەرهەمە نەوتییەکان وەک پێویست بە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی چوارشەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2024، دادگەکە بۆ تاتوێکردنی دوو سکاڵا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە کۆدەبێتەوە، کە لەلایەن نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە دژی وەزیرانی دارایی، نەوت و پلاندانانی عێراق تۆمارکراون.
 
سکاڵایەکیان ژمارە 329ـی/ فیدڕاڵی/2023ـی هەیە، لە دژی تەیف سامی، وەزیری دارایی و محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان، تۆمارکراوە، سکاڵاکار داوای لە دادگە کردووە" دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجیی کردەیی 15 پارێزگاکەی عێراق بە نادەستووری بزانێت، هەروەها وەزارەتی دارایی و پلاندانانی عێراقیش بە پرەنسیپی یەکسانی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە پابەند بکات، بەتایبەت پارەدارکردن لەسەر بنچینەی پارە بڕیارلێدراوەکان لە یاسای بودجە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق."
 
یاسای بودجەى گشتی، کە لە 12ـی حوزەیرانی ساڵی 2023 لە پەرلەمان پەسندکرا و لە 26ـى هەمان مانگدا لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە؛ قەبارەکەی 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە، کێشە کەوتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، محەممەد شیاع سوودانی لیژنەیەکی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە پێکهێناوە.
 
حکومەتی عێراق بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری، قەرزی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناردووە. ئەمڕۆ کە 12 رۆژ لە مانگی کانوونی دووەمی 2024 تێپدەپەڕێت، کەچی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی 10 و 11 و 12 ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، چارەنووسی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەش دیار نییە.
 
سکاڵای دووەم کە ئەو پەرلەمانتارە تۆماریکردووە ژمارە 330ـی فیدراڵی 2023ـی هەیە، لەسەر حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتە، تێیدا سکاڵاکار داوا دەکات دادگە رێکارەکانی وەزارەتی نەوت لە دیاریکردنی بڕ و نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی فرۆشراو بە هەرێمی کوردستان بە نادەستووری بزانێت و وەزارەتی نەوت پابەند بکات بە پرەنسیپی یەکسانی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینبکات و بەهەمان نرخی پارێزگاکان.
 
جیاوازیی زۆر دیار لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نرخی بەنزین و نەوتی سپیی ماڵاندا دەردەکەوێت. لە پارێزگاکانی عێراق نرخی لیترێک بەنزین بە 450 دینارە، بەڵام جۆرە جیاوازەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 1300 دیناریش دەڕوات بۆ یەک لیتر. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جوڵەکانی خۆی لەبارەی ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خستووەتەگەڕ، تۆمارکردنی سکاڵاشی لە دادگەی فیدراڵی بە یەکێک لە میکانیزمەکان دیاریکردووە بۆ ئەوەی داوای ئەوە بکرێت حکومەتی عێراق واز لە پشتبەستن بە "خەرجیی کردەیی" بهێنێت.
 
خەرجی کردەیی "الانفاق الفعلي"، بریتییە لە خەرجییەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و خەرجییەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەو چەمکە لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی سەردەمی پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنیی عێراق لەدوای ساڵی 2003ەوە هەیە، بەپێی ئەو یاسایە، هەر ساڵێک ئەگەر عێراق بودجەی نەبوو، ئەوا پشت بە خەرجییەکانی ساڵی پێشتری دەبەستێت بۆ ئامادەکردنی بودجەیەکی کاتی بۆ راییکردنی کارەکانی، واتە بە نموونە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، خەرجیی کردەیی 15 پارێزگاکەی عێراق 47 تریلیۆن دینار بوو، دوای دەرهێنانی خەرجی سیادی و حاکیمە، ئەوەی ماوەتەوە کە بۆ مووچە و بەڕێوەبەردنی دامەزراوەکانی لە ساڵی رابردوو خەرجکراوە کە نزیکەی 20 تریلیۆن دینارە، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ژمارەیە بە رێژەی 12.67٪ دەبێت.
 
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجە، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سەردانی بەغدای کرد. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندی هەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە، سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆران رایگەیاند، "حکومەتی فیدراڵ دەبێت بەرپرسیاریێتی خۆی بەجێبگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدراڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."