لە ئامەدی باکووری کوردستان هێرشدەکرێتە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان و لە کاتی رووماڵکردنی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤادا هێرشکرایە سەر تیمی تۆڕی میدیایی رووداو. بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، ئەو هاووڵاتییەی هێرشی کرد گوتی، "ئێرە کۆماری تورکیایە و نابێت لێرە بە کوردی قسە بکەن."
 
رۆژی هەینی، 12ـی کانوونی دووەمی 2024، ماشەڵڵا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی هێرشەکەوە گوتی، "سەرۆکی پارتی دێڤا سەردانی ئامەدی کرد و نوێژی هەینی لە مزگەوتی گەورەی شارەکە کرد. ئێمە بۆ رووماڵ لەوێ بووین و دوای تەواوبوونی نوێژ، کاتێک خەڵک لە مزگەوت دەهاتنە دەرەوە، کەسێک بەرەو روومان هات و هەڕەشەی دەکرد و دەیگوت، رووداو، ئێرە خاکی کۆماریی تورکیایە و ناتوانن بە ویستی خۆتان بجووڵێنەوە." 
 
بە گوتەی ماشەڵڵا دەکاک، "ئەو هاووڵاتییە سووکایەتیی زۆری کرد بە تورکی هەڕەشەی دەکرد و منیش بە کوردی وەڵامم دەدایەوە. دەیگوت ئێرە دیاربەکرە و تۆ ناتوانی لێرە بە کوردی قسە بکەیت و پەلاماری دام؛ دواتر خەڵک کەوتنە نێوانمان و نەیانهێشت زیاتر لێم نزیک بێتەوە."
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "ئەو کەسە دواتر گەڕایەوە و بە دەنگی بەرز دەیگوت ئێرە کۆماری تورکیایە و ناتوانن لێرە بە کوردی قسە بکەن. خەڵک کە گوێیان لەو قسەیە بوو، ویستیان هێرشی بکەنەسەر. پۆلیسمان ئاگادار کردەوە و پۆلیسیش هات و دەستبەسەری کرد."
 
لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بەو هێرشە بۆ سەر تیمی رووداو و لای خۆیانەوە هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.
 
ماشەڵڵا دەکاک گوتی، هەریەک لە عەلی باباجان، سەرۆکی گشتی پارتی دێڤا، محەممەد ئەمین ئێکمن، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی پارتی دێڤا، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، عەلی ئادیامان، گوتەبێژی هوداپار، عەلادین پارلاک، ئەندامی پێشووی ناوەندیی گشتیی ئاکپارتی، هێنێ محەممەد کەیهان، بەربژێری ناوچەیی ئاکپارتی پەیوەندییان پێوە کردووە و هێرشەکەیان شەرمەزار کردووە، "پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە کە دەتوانن لە هەر کاتێکدا بە زمانی کوردی قسە بکەن."
 
ماشەڵڵا دەکاک دەڵێت، "ئێمە لە کار و رووماڵکردنی خۆمان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبین، هەروەک چۆن تاوەکو ئێستا بەو جۆرە و پیشەییانە کاری خۆمان کردووە."
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا، نووسینگەیەکی لە شاری ئامەد، نووسینگەیەک لە ئیستەنبووڵ و نووسینگەیەکی لە ئەنقەرە هەیە.