بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگەی سەدان گوند لە رۆژهەڵاتی کوردستان داخران

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی بارینی بەفرەوە رێگەی سەدان گوند لە پارێزگاکانی لوڕستان، سنە، کرماشان و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان داخران. تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبانیش دەستیان بە هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی رێگەکان کردووە.
 
بارینی بەفر لە پارێزگای لوڕستان رێگەی 364 گوندی داخستبوو. مەهدی پازووکی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی ئەو پارێزگایە ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، رێگەی 200 گوند لە لایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگاکەوە کرانەوە و راماڵینی بەفریش بۆ کردنەوەی رێگاکانی دیکە بەردەوامە.
 
بە گوتەی مەهدی پازووکی، لە سنووری شاری دڵفان رێگەی 300 گوند، لە سنووری شاری سلسلە رێگەی 30 گوند، لە سنووری شاری بروجێرد رێگەی 30 گوند و لە سنووری شاری مەعموولانیش رێگەی 4 گوند داخرابوون.
 
عەلیڕەزا قوربانی، قایمقامی دڵفان دەڵێت، لە هەندێک ناوچەی سنووری ئەو شارە 28 سانتیمەتر بەفر باریووە و لە هەندێک ناوچەی دیکەش بڕەکە زیاترە.
لە بەشێکی پارێزگای کرماشانیش بەفر باریووە، بەتایبەتی سنووری شارەکانی پاوە و جوانڕۆ.
 
ئیبراهیم شەهریاری، قایمقامی پاوە دەڵێت، لە بەشی زۆری سنووری شاری پاوە نزیکەی 10 سانتیمەتر بەفر باریوە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان بڕی بەفری باریو گەیشتووەتە نزیکەی 60 سانتیمەتر.
 
کەشناسیی کرماشان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت بارینی بەفر و باران لە سنووری ئەو پارێزگایە تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت، بە تایبەت لەو ناوچەیەی هەورامان دەکەوێتە سنووری ئەو پارێزگایە.
 
لە پارێزگای سنەش لە رۆژی چوارشەممەوە بارینی بەفر دەستیپێکردووە، بەتایبەت لە سنووری شارەکانی مەریوان، سەوڵاوا، کامێران، دیواندەرە و دێهگولان و لە ناوچەی هەورامانیش زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەو پارێزگایە بەفر باریووە. لە هەندێک ناوچەی هەورامان نزیکەی 50 سانتیمەتر بەفر باریووە. 
 
فەرزاد حەسەنی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پارێزگای سنە دەڵێت، بە هۆی بارینی بەفرەوە رێگەی 36 گوند بە رووی هاتووچۆدا داخرابوون و لە لایەن تیمەکانیانەوە کرانەوە.  
 
کەشناسی ورمێش دەڵێت، ئەو شەپۆلی بەفر و بارانەی لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت.
 
مەهدی سابری، بەڕێوەبەری بەشی پێشبیینیەکانی کەشناسیی ورمێ دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین بڕی بەفر لە سنووری شارەکانی چاڵدێران و شنۆ بووە؛ هەروەها زۆرترین بارانی باریویش لە سنووری شاری پیرانشار بووە کە 27 ملیمەتر بووە.
 
کەشناسیی ئێران دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە لە 22 پارێزگای ئەو وڵاتە بەفر و باران باریوە کە هەر پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەخۆ دەگرێت.