رووداو دیجیتاڵ
پێنج شاخەوانی گرووپی کاویانی نەغەدە لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ چوونە چیای رندۆڵەی شنۆ و لەوێ مانەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەدا کەوتنە بەر رنووی بەفر و تاوەکو ئێستا تەنیا یەکێکیان رزگارکراوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە شنۆوە بە تۆڕی میدیایی رووداو دراون، کاژێر 12ی نیوەڕۆ یەکێک لە شاخەوانەکان توانیویەتی پەیوەندی بە مانگی سووری شنۆوە بکات و لە رووداوەکە ئاگاداریان بکاتەوە.
دواتر، تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوور، شاخەوانانی ناوچەکە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان کە شارەزای ناوچەکەن، چوونە داوێنی چیای رەندۆڵە بۆ دۆزینەوەیان.
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە یەکێک لەو شاخەوانانە بە ناوی موبین جیسمی رزگارکراوە؛ چارەنووسی چوار شاخەوانەکەی دیکە بە ناوی محەممەد روویان، موحسین عەزیزی، سەلام بەهمەنیار و رەزا کاییشی نادیارە.
نەجمەدین قوڕەیشی، فەرمانبەری مانگی سووری شنۆ دەڵێت، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن سەرپەرشتیاری گرووپی شاخەوانیی کاویان، بە خێرایی چوونە شوێنی رووداوەکە و لەگەڵ خەڵک و تیمەکانی فریاکەوتنی شاری نەغەدە لە هەوڵی دۆزینەوەی هەموو شاخەوانەکاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ