خێزانێکی شارباژێڕ لە داری وشکبوو و شکاو دەیان کەلوپەلی جوانکاری دروستدەکەن

15-01-2024
نزار جەزا
تێکەڵکردنی لۆگۆی رووداو لە کاتژمێرێکی لە دار دروستکراو
تێکەڵکردنی لۆگۆی رووداو لە کاتژمێرێکی لە دار دروستکراو
A+ A-
 
رووداو - شارباژێڕ

لە گوندی بارێی بچووک لە شارباژێڕ، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، خێزانێک کاری دارسازی دەکەن و بژێویی ژیانیان لەو رێگەیەوە دابیندەکەن.
 
ئەوەی ئەو خێزانە دروستی دەکەن کورسی، مێز، کاتژمێر، سینی و دەیان کاری دەستیی جوانکاریی سەرنجڕاکێشی نێو ماڵە.
 
بەرهەم محەممەد، خاوەنکار دەڵێت، "پلانمان ئەوەیە پرۆژەکەمان گەورەتر بکەین، ئامێری دیکە بهێنین و هەلی کار بۆ کەسانی دیکەش بڕەخسێنین. شوێنەکەشمان زۆر خۆشە و دوورە لە ژاوەژاوی ناو شار، بەڵام ئاستەنگی رێگەمان هەیە، بەتایبەت کاتێک بەفر دەبارێت رێگەمان سەختتر دەبێت. زستان هەبووە بە 20 رۆژ ماومەتەوە بەهۆی گیرانی رێگە. کەلوپەلەکانیشمان تەمەنیان درێژە، بە نموونە ئەو کورسی و مێزەی لەسەری دانیشتووین، داری گوێزە و لە ساڵی 2020 دروستم کردووە، تاوەکو ئەو کاتە دەتوانیت هەڵیبگریت کە منداڵەکان بڵێن ئەمە هی باپیرەمانە."
 
دارەکان داری وشکبوو یان شکاوەی نێو گوندەکەیانە، هەربۆیە کارگەی دارسازییەکەشیان لە گوندەکەیان دامەزراندووە. مانگانە یان هەفتانە لە شارەوە دەچنەوە گوند و چەند رۆژێک دەمێننەوە بۆ دروستکردنی بەرهەمی نوێ.
 
لەبارەی دەستپێکی پڕۆژەکەیان شنۆ عەزیز، خاوەنکار گوتی، "لە ساڵی 2018 بوو کە بە تەنیا خۆم بووم، سەرەتا بە گوریس و چیمەنتۆ هەندێک کەلوپەلم دروست دەکرد، دواتر کۆتەرە دارم لە سرووشتەوە دەهێنا و لە ماڵەوە بۆ جوانی دامدەنا، دواتر هاوژینەکەشم حەزی بۆ کارەکە دروستبوو، پەرەمان پێدا و کەلوپەل و جوانکاریی ناو ماڵ دروست دەکەین."
 
دەوەن نەسرەدین، کڕیارە و لەگەڵ هاوژینەکەی لە سلێمانییەوە بە مەبەستی گەشت چوونەتە ناوچەکە و بە رێکەوت چاویان بە شوێنکاری ئەو خێزانە کەوت، دەیانەوێت بەرهەمێک بکڕن. دەوەن دەڵێت، "بە رێکەوت بینیمان، حەزمان کرد سەردانیان بکەین و بزانین چییان هەیە بیکڕین، بەڕاستی کەلوپەلی جوان و ناوازەیان دروستکردووە، خۆم حەزم لە کەلوپەلێکە کە پارەی زیاتریشی پێبدەم، بەڵام بەرهەمی ناوخۆ بێت، چونکە هەستدەکەم پاڵپشتیی کەسێک دەکەم."
 
ئەو خێزانە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرینەی کارەکانیان دەفرۆشن و توانیویانە بیکەنە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گفتوگۆی هیوا جەمال و ئەمجەد محەممەد

سبەی یەکگرتوو کۆنگرە دەبەستێت؛ بۆچی سەڵاحەدین بەهائەدین دەکەنەوە ئەمیندار؟

سەبارەت بە هەڵبژاردنەوەی سەڵاحەدین بەهائەدین بۆ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەمجەد محەممەد، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دەڵێت، "ئەوە کۆتایی هاتووە" کە جارێکی دیکە دەیکەنەوە ئەمیندار. گوتیشی: "لە کۆنفرانسەکاندا کۆتایی بەوە {هەڵبژاردنەوەی ئەمیندار} هاتووە".