کوڕێک لە قەڵادزێ پێنج مانگە بێسەروشوێنە و باوکی دەڵێت: لە ئاسایشی سلێمانییە

 
رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی دانیشتووی قەڵادزێ بەناوی هەنگاو ئەحمەد، زیاتر لە پێنج مانگە بێسەروشوێنە. باوکی دەڵێت، زیاتر لە پێنج مانگە گوێی لە دەنگی کوڕەکەی نەبووە و بێسەروشوێنە، "دوێنی کەسێک پەیوەندیی پێوە کردووم و گوتوویەتی: کوڕەکەت لە ئاسایشی سلێمانییە."
 
رۆژی پێنجشەممە 12-01-2023، ئەحمەد جەمال، باوکی هەنگاو پەیوەندیی بە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "کوڕەکەم ناوی هەنگاوە و دانیشتووی قەڵادزێین، زیاتر لە پێنج مانگە هەواڵی نازانم، ئەو کاری کرێکاریی دەکرد و کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکیش نەبووە."
 
باوکی هەنگاو لە رێگەی ژمارەیەکی نۆرماڵەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە کوڕەکەی لە ئاسایشی سلێمانییە، "دوێنێ ژمارەیەک لە چاکسازیی سلێمانی پەیوەندی پێوەکردم و گوتی، من سێ مانگ لەگەڵ کوڕەکەی تۆ بووم، بەڵام من حوکمدراوم و ئێستا لە چاکسازیی سلێمانیم، ویستوومە ئاگادارت بکەمەوە کوڕەکەت سەلامەتە و لەناو پارکی قەڵادزێ لەلایەن ئاسایشی کازیوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراوە، بەڵام ئاسایش پشکنینان بۆ کردووە و هیچ کێشەیەکی نەبووە."
 
باوکی هەنگاو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ژمارەی پەیوەندیی پێوەکردم گوتیشی، دەتوانیت کوڕەکەت بە کەفالەتی پێنج ملیۆن دینار ئازاد بکەیت، چونکە هیچی لەسەر نییە، بەڵام من ئەو توانا داراییەم نییە، ئەو بڕە پارەیە بۆ من زۆرە، بۆ خۆم لە خانووی کرێم، هەتا بڵێیت بژێویمان خراپە."
 
رووداو بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی دۆسیەی هەنگاو ئەحمەد چەندینجار پەیوەندیی بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی کرد، بەڵام بێ وەڵام بوون.