لە نەخۆشخانەیەکی رووها شەڕە تەقە لەنێوان دوو بنەماڵە روویدا و چوار کەس برینداربوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە نەخۆشخانەی رووهای باکووری کوردستان شەڕە تەقە لەنێوان ئەندامانی دوو خێزاندا روویدا، کە دووژمندارن، بەو هۆیەوە دوو کەس لە هەردوولا بە فیشەک و رۆژنامەڤانێک و ئەفسەرێکی پۆلیسیش بەهۆی شەڕە بەردەوە بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2023 لە ناوەندی شاری رووها رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و کەسێک کە لە رووداوەکەدا برینداربوو، لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە گەیێندرایە نەخۆشخانەی فێرکاریی محەممەد عاکیف ئینان.
 
لە نەخۆشخانە بە رێکەوت ئەندامانی خێزانێکیان بینی کە پێشتر دووژمنایەتییان هەبووە. لە باخچەی نەخۆشخانەکە بووە دەمەقاڵێیان و دواتر شەڕ روویدا.
 
پاشان ئەندامانی هەردوو خێزان تەقەیان لە یەکدی کردووە و بەو هۆیەوە دوو کەس لە هەردوولا بە فیشەک بریندار بوون، هەروەها رۆژنامەڤانێک و ئەفسەرێکی پۆلیس لە باخچەی نەخۆشخانەکە بەهۆی ئەو بەردانەی کە فڕێدران بریندار بوون.
 
تیمەکانی پۆلیس کە دەیانویست لایەنەکان هێور بکەنەوە، بۆ راگرتنی شەڕەکە تەقەیان بە ئاسماندا کرد و 12 کەسیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە شەڕەکەدا دەستبەسەرکرد. هاوکات هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە رێوشوێنی ئەمنیی چڕیان گرتووەتەبەر.