رێگەی کانی وەتمان - دووکان بەهۆی خراپییەکەیەوە بە رێگەی مەرگ ناسراوە؛ 'کەس لێی ناپرسێت'

 
رووداو - راپەڕین

رێگەی کانی وەتمان - دووکان لەلایەن هاونیشتمانیانەوە بە "رێگەی مەرگ" ناسراوە و خراپی و یەک سایدیی رێگەکە رووداوەکانی هاتووچۆی تێدا زیادکردووە.
 
رێبین عەباس هاونیشتمانییەکی رانیەیە، کاتێک لەو رێگەیەوە ویستوویەتی بچێتە سلێمانی، ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووەتە نێو چاڵێکی سەر رێگەکە و تایەی ئۆتۆمبێلەکەی تەقیوە. ئەو دەڵێت، "بەڕاستی ئەوە رێگە نییە، وەڵڵا رێگەی مەرگە. سەتان بارهەڵگر بە ئێرەدا دێن، کەس لە خراپیی رێگەکە ناپرسێت. ئۆتۆمبێلەکەم بەهاکەی دوو دەفتەرە (20 هەزار دۆلارە)، ئەگەر خێرابام وەردەگەڕام."
 
بەرتەسکیی رێگەکە و زۆریی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی پێشتر لەڕێگەی دووکان - کۆیە هاتووچۆی هەولێریان دەکرد، رووداوەکانی هاتووچۆیان لە رێگەکەدا زیاتر کردووە.
 
مەڵبەند حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی خەلەکان دەڵێت، "لە ساڵی 2022دا بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لەم رێگەیە 130 بریندار هێندراونەتە مەڵبەندەکەمان، 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەداخەوە بەراورد بە ساڵی 2021 قوربانییەکان زیاتر بوون."
 
تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە رێگەی بێستانە بۆ دووکان، کە نزیکەی 40 کیلۆمەترە، 37 رووداوی هاتووچۆ بەهۆی خراپی و یەک سایدیی رێگەکەوە روویانداوە.
 
بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێت، قۆناخی یەکەمی دووسایدکردنی رێگەی دووکان - چوارقوڕنە، کە نزیکەی 19 کیلۆمەترە، لە تەواوبووندایە و بەشەکانی دیکە بەهۆی نەبوونی بودجە، کارکردن تێیاندا راگیراوە.
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، "کێشەی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانیدایە، کە ناتوانن پارە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان تەرخان بکەن، بەڵێندەریش دڵنیا نەبێت لە دابینکردنی نەختینە، دەست ناکاتەوە بە پرۆژەکە."
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 445 هاونیشتمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 7000 کەسیش بریندار بوون.