چیرۆکی ژنێک لە سلێمانی کە هاوژینەکەی قومار دەکات: مووچەکەیشی لەسەر داناوە


رووداو دیجیتاڵ

ژنێک لە سلێمانی دەڵێت، هاوژینەکەی داوای کردووە قەرزی بۆ بکات و دواتر ئەو پارەیەی لە "قومار" دۆڕاندووە و پێی گوتووە کە خۆی بچێت قەرزەکە بداتەوە. دەشڵێت، ماوەیەکی زۆرە ئەو کارە دەکات و وایلێهاتووە کە مووچەکەیشی لەسەر داناوە.
 
ئەو ژنە کە نەیویست ناو و وێنەی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت، "هاوژینەکەم دەڵێت: بڕۆ قەرز بکە و دەچێت قەرزەکە دەکات بە من و دواتر دەڵێت: چۆنت قەرز کردووە ئاوا قەرزەکە بدەرەوە. ئێستا وایلێهاتووە مووچەکەی کردووە بە ناوی کەسێکی دیکەوە و وەری دەگرێت لەبەر قەرز، چونکە ئەویشی دۆڕاندووە."
 
پیاوەکە دوو منداڵی هەیە، 10 رۆژە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و "کەس نازانێت لە کوێیە"، بەڵام ژنەکەی دەڵێت، ئەو ونبوونەی جاری یەکەمی نییە و پێشتریش چەند جارێکی دیکە خۆی ونکردووە.
 
دایکی منداڵەکان کێشەکەی بردووەتە دادگە و چاوەڕوانی بڕیاری دادوەرە بۆ جیابوونەوە لە هاوژینەکەی و دەڵێت، تەنیا داواکاری ئەوەیە کە بخرێتە سەر کار بۆ پەیداکردنی بژێویی رۆژانەی منداڵەکانی، چونکە کرێچێتی و سەرمای زستان تەنگی پێهەڵچنیون.
 
ئەو ژنە هەروەها باسی لەوەش کرد، "شوێنەکان دیارن کە دەچێت، یەکێکیان (...)ـە کە زۆر دەچووە ئەوێ و ماڵی (...) لە هەڵەبجە لەوێش قوماری کردووە کە ئەو ماڵە لە هەڵەبجە زۆر زۆر بەناوبانگە نەک تەنیا لەوێ، بەڵکو لە سلێمانیش ناوبانگی هەیە."
 
لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا هیچ قومارخانەیەک نییە و هیچ جێگەیەکیش بۆ ئەو کارە مۆڵەتی پێنادرێت، بەڵام عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و دەڵێت، دەرکەوتووە کە ئەو شوێنانەی بوون بە قومارخانە کەسی باڵا دەستیان لەپشتە.
 
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، "شوێنەکانیان لە سلێمانی وازحن، لە هەولێر و دهۆکیش هەن، بەڵام شێوازی جیاوازتر، بۆ نموونە لە باخێکدا یان کێڵگەیەکدان، بەڵام لە سلێمانی بە وازحی لە شەش بۆ حەوت شوێن قومارخانە هەن."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو جێگەیانەی بوون بە قومارخانە، کافتریا یان یانەی شەوانە و هۆتێلەکانن و ناو و مۆڵەتەکەیان یاساییە و کاری قومار و کاری نایاسایی تێدا ئەنجام دەدەن. پۆلیسی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو گوتیان، هیچ قومارخانەیەک بە فەرمی بوونی نییە و ئامارێکی ئەوتۆیان لانییە کە چەندیان داخراون.