قایمقامی هەولێر: پشکی گازی شلی پارێزگاکەمان کەمی نەکردووە، خواست زیادی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی ناوەندی هەولێر دەڵیت، پشکی هەولێر لە گازی شل کەمی نەکردووە، بەڵکو بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەری زیادیکردووە، هیچ گرانبوونێک لە نرخی گازی شلی حکومیدا رووینەداوە و بە نرخی 8500 دینار لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەش دەکرێت. دەشڵێت، "ئێستا رۆژانە 300 تۆن گازی شل بۆ هەولێر دێت."
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت، پشکی هەولێر لە گازی شل کەمی نەکردوووە و رۆژانە 15 تانکەر گازی شل دێت، کە نزیکەی 300 تۆن گاز دەکات و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە سنووری شاری هەولێردا بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەش دەکرێت.
 
بە گوتەی قایمقامی هەولێر، شاری هەولێر رۆژانە پێویستی بە 400 تۆن گازی شلە، بەڵام 300 تۆنی بۆ دێت، ئەو بڕەیش کە دەگاتە شارەکە لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بە نرخی 8500 دینار بەسەر هاونیشتمانیاندا دابەش دەکرێت.
 
هەروەک گوتیشی، هیچ کەمبوونەوەیەک لە بڕی گازی شل بۆ هەولێر رووینەداوە، بەڵکو بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەری زیادیکردووە.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان، گازی شل بە نرخێكی پاڵپشتیكراو دەداتە هاونیشتمانییان کە بوتلێکی بە 8500 دینارە، بەڵام ئێستا كە وەرزی زستانە‌ و گوشارێكی زۆر لەسەر ‏بەكارهێنانی گاز هەیە، هەندێک لە هاونیشتمانییان دەڵێن، بە نرخێکی گرانتر گازیان دەستدەکەوێت، بەتایبەت گازی شلی بازرگانی گران بووە و نرخی گازی شل بۆ هەر بوتڵیک گاز، لە 13 هەزارەوە بۆ نزیکەی 17 هەزار دینار زیادیکردووە.
 
قایمقامی ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، گرانبوونی نرخی گازی شلی بازرگانی، بەشێکی پەیوەندیی بە زۆریی خواست و ناجێگیریی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلارەوە هەیە.