HRW: حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسا ناڕوونەکانی بۆ بەئامانجکردنی رەخنەگران بەکارهێناوە

12-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ - هیومەن رایتس وۆچ، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان لە ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکای رێکخراوە ناحکومییەکە دەڵێت، لە ساڵی 2022دا مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان "لەژێر هێرشێکی هەمەلایەن بوون."
 
هیومەن رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-01-2023 بڵاویکردووەتەوە، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت و دەڵێت، "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان."
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی، "لە ساڵی 2022، چەند یاسایەک کە دەقەکانیان روون نییە، بەکاریهێناون بۆ بەئامانجکردنی رەخنەگران لە بەرامبەر دەربڕینی رەخنە و بۆچوونەکانیان." دەشڵێت، "لە مانگی ئاب[ی 2022]، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیان رۆژنامەڤان و چالاکڤانی بەر لە خۆپێشاندانێک دەستگیرکرد، کە رەخنەگرانی حکومەت داوای خۆپێشاندانەکەیان کردبوو."
 
راپۆرتەکە هەروەها تیشک دەخاتە سەر دەرکردنی حوکمی شەش ساڵ زیندانی لە ساڵی 2021 لەلایەن دادگەی تاوانی هەولێر بۆ سێ رۆژنامەڤان و دوو چالاکڤانی بادینان؛ هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، ئەو پێنج کەسە "لە دادگاییکردنێکی پڕ لە پێشێلکاریی دژی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دەستوەردانی سیاسی،" سزاکەیان بۆ دەرکرا.
 
لەوبارەوە دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووە بۆ دیموکراسی و بەرجەستەکردنی بەها دیموکراتییەکان لەوانەش مافی ئازادیی رادەربڕین و پابەندە بە سیستمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لە نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری. 
 
دیندار زێباری دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاک هەیە وەک چاودێر، ئەمە بەدەر لە بوونی چەندان رێکخراو، ئاژانس و دامەزراوەی نێودەوڵەتی کە بەشدارن لە چاودێریکردن و بەرەوپێشبردنی ستاندەرەکانی مافی مرۆڤ.
 
راپۆرتەکە بە وردەکارییەوە لەسەر تووندوتیژییەکانی پێش و دوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ساڵی رابردووی عێراق وەستاوەتەوە. هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکانی کوشتن، رفاندن و بریندارکردنی خۆپێشاندەران و چالاکڤانانی عێراق کردووە، بەڵام "بە ئەستەم دەبینی سکاڵای یاسایی خێزانەکان یان ئەندامانیان لەپێناو زامنکردنی دادپەروەری کاری لەسەر کرابێت."
 
رێکخراوەکە دەڵێت، "لەو دۆسیانەی کوشتن، شێواندنی جەستە و رفاندنی خۆپێشاندەرانە، کە هیومەن رایتس وۆچ لێکۆڵینەوەی لێ کردوون، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی بەدینەهاتووە، تەنانەت بۆ رووداوە دیارەکانی کوشتنی چالاکڤانانی وەکو ریهام یەعقووب لە بەسرە لە مانگی ئابی 2020."
 
دەقی راپۆرتی 2022ی هیومەن رایتس وۆچ لەبارەی هەرێمی کوردستان و عێراق:
 
دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری 2021 هەڵبژاردنی فیدراڵی کرا، عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە پڕۆسەی درەنگکەوتووی پێکهێنانی حکومەتدا چەقیبەست. هەڵبژاردنە پێشوەختەکان داواکارییەکی سەرەکیی خۆپێشاندەران بوو لە راپەڕینێکی جەماوەری لە نێوەڕاست و باشووری عێراق کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019.
 
گفتوگۆ و چەقبەستوویی سیاسی ناوبەناو بەهۆی ململانێی تووندوتیژی نێوان بەهێزترین کەسایەتییە سیاسییەکان و لایەنە بەشداربووەکانی دانوستاندن، واتە موقتەدا سەدر و بزووتنەوەکەی و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دووبارە دەبوونەوە. ئەم لایەنانە لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا لە بەغدا بە تووندوتیژی رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بەهۆیەوە لانیکەم 30 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. لە مانگی ئۆکتۆبەر، کەمێک زیاتر لە ساڵێک دوای هەڵبژاردنە فیدراڵییەکانی ساڵی 2021، دواجار نوخبە سیاسییەکان لەسەر دانانی محەممەد شياع سوودانی وەکو سەرۆکوەزیران رێککەوتن؛ دواتر کابینەیەکی پێکهێنا.
 
لە ساڵی 2022 حکومەتی عێراق لە سەردەمی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەران رووبەڕووی سەختی بووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەو شتەی کە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە تێکچوونی زیاتری گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان فەرمانڕەواکان و فەرمانڕەواییکراوەکان ناوی دەبات.
 
لە هەولێر، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
 
راپەڕین، تووندوتیژی و لێپرسینەوە
 
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2019 سەتان هەزار خۆپیشاندەر لە نێوەڕاست و باشووری عێراق رژانە سەر شەقامەکان و داوای باشترکردنی ژیانی رۆژانەیان دەکرد، لەوانەش باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەرفەتەکانی دامەزراندن، بەتایبەتی لەنێو گەنجان کە لە فراوانبووندایە. هێزە ئەمنییەکانی وڵات و گرووپە چەکدارەکان (لەوانەش ئەوانەی کە یارمەتیدەرن لە پێکهێنانی حەشدی شەعبی)، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و لە کاتی راپەڕینەکەدا لانیکەم 487 خۆپێشاندەریان کوشت.
 
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە مانگی ئایاری 2020 هاتە سەر دەسەڵات و بەڵێنی لێپرسینەوەی یاسایی لە بەرامبەر ئەو تووندوتیژییە دا. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020 لیژنەیەکی دەرخستنی راستییەکانی دامەزراند بۆ لێکۆڵینەوە لەو تووندوتیژیانەی روویانداوە و دۆزینەوەی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن. بەڵام لەنێوان 2020 تاوەکو ئۆکتۆبەری 2022، لە کەیسەکانی کوشتن و تیرۆر و رفاندن و بریندارکردنی خۆپێشاندەراندا کە هیومەن رایتس وۆچ لێکۆڵینەوەی لەسەر کردوون، ئەو سکاڵا یاساییانەی کە لەلایەن خێزان و تاکەکانەوە تۆمارکرابوون، بە ئەستەم بەرەوپێشچوونیان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری هەبووە.
 
لە دۆسیەکانی کوشتن، شێواندنی جەستە و بێسەروشوێنکردنی خۆپێشاندەران کە لەلایەن هیومەن رایتس وۆچ لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی بەدەست نەهاتووە، تەنانەت لە رووداوە دیارەکانی کوشتنی چالاکڤانانی وەکو ریهام یەعقوب لە بەسرە لە مانگی ئابی 2020.
 
لە ساڵی 2021، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، کازمی باسی لە دەستگیرکردنی ئەو کەسە کرد کە گوایە بکوژی شرۆڤەکاری ناسراوی ئەمنی هیشام ئەلهاشمی بووە، بەڵام ئەو دادوەرانەی سەرپەرشتیی ئەو دۆسیەیە دەکەن، چەندین جار دادگاییکردنەکەیان دواخستووە بەبێ ئەوەی تۆمەتبارەکە بێننە بەردەم دادگە.
 
هەروەها حکومەتی عێراق بەڵێنی قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی دا کە ئەندامانی خێزانەکانیان کوژراون، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی کە لەکاتی دەربڕینی ناڕەزایی، برینداربوون. هیومەن رایتس وۆچ بۆی دەرکەوتووە حکومەت سەرکەوتوو بووە لە پێشکێشکردنی قەرەبووەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو رێگەی پێدانی پارە بۆ ئەوانەی کوژراون، هەروەها پارەی مانگانە بۆ خێزانی ئەو کەسانەی کوژراون و هەندێک لەوانەشی کە بریندار بوون. بەڵام پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە خاو و سەخت بووە بۆ زۆربەی ئەوانەی داوای پارەکە دەکەن، هەندێک لە بریندارەکان ناچار بوون زیاتر لە دوو ساڵ و نیو چاوەڕێ بکەن بۆ قەرەبووکردنەوە و تەنیا دوای بەکرێگرتنی پارێزەری گرانبەها بۆ ئەوەی یارمەتی خێراکردنی راییکردنی داواکارییەکان بدەن، پارەکەیان وەرگرتووە. ئەم قەرەبووکردنەوەیە هیچ کاریگەرییەکی نییە لەسەر دانپێدانان بە بەرپرسیارێتی لەلایەن حکومەت یان هەر کارمەندێکی ئەمنیی دەوڵەتەوە کە بەشدار بووبێت لە تووندوتیژییەکان.
 
بە ئامانجگرتنی رەخنەگرانی حکومەت
 
لە 3ی شوباتدا، سکاڵایەکی یاسایی لە دژی ئەندامێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، دکتۆر عەلی بەیاتی تۆمار کرا، چونکە هەوڵیدا لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان بکات - کە بەشێکە لە ئەرکی دامەزراوەیی کۆمیسیۆنەکە. دۆسیەی یاسایی بەیاتی یەکێکە لەو دۆسیە زۆرانەی کە تێیدا رەخنەگرانی حکومەت و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە یاسای ناوزڕاندن کراونەتە ئامانج.
 
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتدارانی کورد لە ساڵی 2022دا ژمارەیەک یاسایان بەکارهێنان، کە دەقەکانیان روون نییە، بۆ بەئامانجکردنی رەخنەگران لە بەرامبەر دەربڕینی رەخنە و بۆچوونەکانیان لە دژی ئەوان. لە مانگی ئابدا دەسەڵاتدارانی کورد پێش خۆپێشاندانە پلان بۆ داڕێژراوەکان کە رەخنەگرانی حکومەتی هەرێم داوایان کردبوو، دەیان رۆژنامەڤان و چالاکڤانیان دەستگیرکردن. سێ کەس لەوانەی دەستگیرکران و بۆ ماوەیەکی کورت راگیران، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون. بە هەمان شێوە لە ساڵی 2021 دادگەی تاوانەکانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیی بەسەر سێ رۆژنامەڤان و دوو چالاکڤاندا سەپاند، دوای ئەوەی لە دادگاییکردنێکی پڕ لە پێشێلکاریی دژی رێوشوێنەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پڕ لە دەستوەردانی سیاسی، سزاکەیان بۆ دەرکرا، کە ئەمەش چەندین ساڵە وەک شتێکی باو لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. 
 
مافی ژنان
 
جگە لەوەی کە ژنان بەهۆی گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی 2019-2020دا کراونەتە ئامانج، هێشتا رووبەڕووی زەحمەتی دەبنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی پیاوسالاری کە لە سیستمی یاسایی عێراقدا چەسپاون. هەندێک لە رزگاربووانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بە تاوانی لەشفرۆشی دادگایی دەکرێن و سزا دەدرێن. بە شێوەیەکی گشتی، ئەو ژنانەی کە لە تووندوتیژی رەگەزییەوە رزگاریان بووە، دەستڕاگەییشتنیان بە پەناگە یان دادپەروەری سنووردارە. لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەم لە پەناگەی ژنان لە عێراقی فیدراڵیدا هەن، کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام پشتگیرییەکی بەرفراوانیان لێناکرێت و زۆرجار رەخنەیان لێدەگیرێت و هەندێکجاریش لەلایەن خێزان و دەسەڵاتداران هێرش دەکرێتە سەریان چونکە ئەو پەناگانە بە یاسایی نازانن.
 
گرووپەکانی مافی ژنان سوورن لەسەر دەرکردنی یاسایەک لە دژی تووندوتیژیی خێزانی، بەڵام ئەم هەوڵانە بەشێکی بەهۆی پرۆسەی زۆرخایەنی پێکهێنانی حکومەتەوە، کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا یەکلایی بووەوە، وەستاون. یاسای سزادانی عێراق رێگە بە تووندوتیژیی پیاوان دژی ژنان دەدات بەبێ ئەوەی سزا بدرێن، لەوانە ئەو بڕگانەی کە رێگە بە مێرد دەدات سزای ژنەکەی بدات، دایک و باوک دارکاری منداڵەکانیان بکەن، هەروەها سزا سووککراوە بۆ کردەوەی تووندوتیژی لەوانەش کوشتن بە مەبەستی بەناو پاراستنی شەرەف، یان ئەگەر مێردێک ژنەکەی بگرێت یان ئافرەتێکی خزمێکی لە کردەوەی زیناکردن. هەروەها یاسای سزادان رێگە بە ئەنجامدەرانی دەستدرێژی یان هێرشی سێکسی دەدات لە لێپێچینەوە رزگاریان بێت یان سزاکانیان هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەگەر ژیانی هاوژینی لەگەڵ قوربانییەکەیان پێکبهێنن.
 
بەڵگەنامە شارستانییەکان
 
لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، حەوت رێکخراوی تایبەت بە یارمەتییە مرۆییەکان، بۆیان دەرکەوت کە نزیکەی پێنج ساڵ دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی حکومەت بەسەر گرووپی چەکداری تووندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی (کە بە داعش ناسراوە)، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی تاوەکو یەک ملیۆن عێراقی بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی رووبەرێکی خاکی عێراق لە لایەن گرووپەکە و شەڕی گەڕاندنەوەیان - ناتوانن بەڵگەنامە شارستانییە سەرەتاییەکان بەدەستبهێنن. ئەو بەڵگەنامانەی کە ناتوانن بەدەستی بهێنن بریتین لە بڕوانامەکانی لەدایکبوون، هاوژینی و مردن، هەروەها کارتی نیشتمانیی عێراق کە تاڕادەیەک نوێیە.
 
ئەم جۆرە بەڵگەنامانە زۆر گرنگن بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییە گرنگەکان بۆ هاووڵاتیانی ئاوارە، لەوانەش خەرجکردنی مانگانەی خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ منداڵان. سەختیی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە شارستانییەکان پەیوەندییەکی نزیکی بە تێڕوانینە بەردەوامەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق و توێژەکانی خەڵکەوە هەیە کە ئاوارەکان پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە یان هەیە. زۆرجار ئەم جۆرە تێڕوانینانە ئەو راستییە پشتگوێ دەخەن کە زۆربەی ئاوارەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکە دوور بخەنەوە یان خۆیان دەرباز بکەن، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
 
گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە
 
عێراقییەکان زۆرینەی ئەو 66 هەزار دەستگیرکراوە سووری و بیانییە پێکدەهێنن کە بۆ ماوەیەکی نادیار و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی وەک گومانلێکراوی داعش و ئەندامانی خێزانیان لە کەمپ و زیندانەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا راگیراون. تاوەکو مانگی ئەیلول، مەزەندە دەکرا 28 هەزار عێراقی کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، لە کەمپەکاندا راگیرابن و سێ هەزاری دیکەش لە زیندانەکاندا بن، هەموویان لە دۆخێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و زۆرجاریش نامرۆڤانەدا بوون. عێراق بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی عێراقییەکان، بە هێواشی، لە سووریاوە. لە ساڵی 2021 و 2022دا نزیکەی سێ هەزار و 100 هاووڵاتییان وەرگرتەوە یان هاوکاری گەڕاندنەوەیان کرد. بۆ نموونە، مانگی حوزەیران، حکومەت رایگەیاند نزیکەی 500 خێزانی گەڕاندووەتەوە بۆ کەمپی جەدعە لە باشووری موسڵ، مانگێک دوای ئەوەش، رایگەیاند بە نیازە 150 خێزانی دیکە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەی. کارمەندانی مرۆیی بە هیومان رایتس وۆچیان راگەیاندووە، ئەو منداڵانەی گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکەیان زیاتر لە 250 کوڕ لەخۆدەگرن کە لە زیندانێکی پیاوی پێگەیشتوودا راگیرابوون و هەموویان یان زۆربەیان تووشی نەخۆشی سیل بوون.
 
کۆمەڵگەی ئێزدی
 
رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی دیکە، سیستمێکی دەستدرێژیی رێکخراو و کۆیلایەتیی سێکسی و هاوسەرگیریی زۆرەملێیان بەڵگەدار کرد کە لەلایەن داعشەوە دژی ژنان و کچانی ئێزدی بەکارهێندراوە. بەڵام هیومەن رایتس وۆچ هیچ دۆسیەیەکی نەدۆزییەوە کە ئەندامێکی داعش بە دیاریکراوی لەسەر ئەو تاوانانە دادگایی کرابێت یان سزای بەسەردا سەپێندرابێت، لەوانە ئەو تاوانانەی دەچنە خانەی تاوانی جەنگەوە، تاوانی دژی مرۆڤایەتی، یان جینۆساید دژی ئێزدییەکان. نزیکەی 3000 ژن و منداڵی ئێزدی دوای رفاندنیان لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێنن، بەڵام تائێستا هیچ هەوڵێکی سیستماتیکیی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ رزگارکردنیان یان دڵنیابوون لە گەڕانەوەیان نەدراوە. بەڵکو خێزانەکان و خۆبەخشانی ئێزدی تاڕادەیەکی زۆر پاڵپشتیی هەموو هەوڵەکانی رزگارکردنی لەو جۆرەیان کردووە.
 
لە مانگی ئاداری ساڵی 2021 پەرلەمانی عێراق یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدیی دەرکرد. یاساکە زۆر لە تاوانەکانی داعشی وەکو جینۆساید ناساندووە لەوانە رفاندن، کۆیلەکردنی سێکسی، هاوسەرگیری زۆرەملێ، دووگیانکردنی زۆرەملێ، لەباربردنی زۆرەملێی منداڵ کە بەسەر ژنان و کچانی ئێزدی، تورکمان، مەسیحی، یان شەبەکدا سەپێندراون. یاساکە قەرەبووکردنەوەی رزگاربووان و هەروەها رێوشوێنی چاکسازی و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ کۆمەڵگەدا دیاریکردووە.
 
بەڵام هێشتا جێبەجێکردنی کاریگەرانەی ئەم یاسایە بەدەست نەهاتووە، بەشێکی بەهۆی چەقبەستوویی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەشێکیش بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە بووە. لە مانگی ئابی [ساڵی] رابردوودا رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، زیاتر لە 200 هەزار رزگاربووی ئێزدی دوور لە ماڵ و حاڵی خۆیان، لە ئاوارەییدا ماونەتەوە.
 
زەنگی هۆشداریی ژینگە و تەندروستی
 
عێراق پێنجەم وڵاتە کە زۆرترین مەترسیی قەتیسبوونی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە. کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و خراپتربوونی وشکەساڵی و زیادبوونی خۆڵبارین، بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە خراپتر دەبن. خراپی حوکمڕانی، لەوانەش خراپ بەڕێوەبردنی ئاو، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی هێندەی دیکەی خراپتر کردووە.
 
هاوکات نزیکەی تەواوی بودجەی عێراق پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. پێشبینییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت ئەوە پیشان دەدەن کە عێراق ئەم پشتبەستنە زیاتر دەکات لە کاتێکدا کە هەوڵە جیهانییەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و دوورکەوتنەوە لە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان، لە گەشەکردندایە. هەروەها زیادبوونی بەرهەمی نەوت نیگەرانییەکانی لە بەرامبەر دەردانی گاز [لە کێڵگە نەوتییەکان]، سووتانی بەرهەمە لاوەکییە گازییەکان کە لە کاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا روودەدات، لە عێراق زیاتر کردووە. خراپتربوونی باری تەندروستیی دانیشتووانی دەوروبەری شوێنەکانی دەردانی غاز،  پرسیارە دەخاتە بەردەم حکومەتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە هاوبەشەکانی سەبارەت بە بەردەوامبوونی ئەم کارە و کێ یان چی لێی بەرپرسیارە.
 
لایەنە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکان
 
دوای دوو دەیە لە داگیرکردنی عێراق بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەریتانیا لە ئاداری 2003، لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامبوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا. لە مانگی کانوونی دووەمی 2021، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بە پشکنینی تۆمارەکانی خودی پنتاگۆن، بۆی دەرکەوت کە بۆردوومانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە شەڕی دژی داعش بووەتە هۆی "کوژرانی هەزاران هاووڵاتیی سڤیل کە زۆربەیان منداڵن". راپۆرتەکە هاوتەریبە لەگەڵ دۆزینەوەکانی پێشووی هیومان رایتس وۆچ کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا نەیتوانیوە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پارستنی هاووڵاتیانی سڤیل لەکاتی بۆردوومانکردنی ئەو ئامانجانەی کە گوایە داعشن.
 
بەهەمان شێوە راپۆرتێکی Pax for peace  کە لە مانگی نیساندا بڵاوکرایەوە، دەریخست کە چۆن دانیشتوانی حەویجە، لە باکووری عێراق، بەردەوام لە ئازاری بۆردومانێکی هۆڵەندای مانگی حوزەیرانی 2015 بۆ سەر کارگەیەکی تەقەمەنیدا بوون، کە بەهۆیەوە لانیکەم 85 هاووڵاتی سڤیل کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون. دانیشتووان داوادەکەن داوای لێبووردنیان لێ بکرێت، قەرەبووبکرێنەوە و  روونکردنەوەی مانادار لەسەر ئەوەی چی روویداوە پێیان بدرێت.
 
لە مانگی ئایاردا، حکومەتی بەریتانیا هەوڵیدا بە فڕۆکەیەک تاوەکو 30 پەناخواز و پەنابەری کورد دیپۆرت بکاتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، کە بەشێکیان زیاتر لە 20 ساڵ بوو لە بەریتانیا نیشتەجێ بوون. حکومەتی بەریتانیا هێشتا عێراق بە شوێنێکی مەترسیدار دەزانێت، کە ئامۆژگاری دژی هەموو گەشتێک بۆ ئەوێ دەکات، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. دواجار حکومەتی بەریتانیا ناچار بوو لە کاژێری یازدەهەمدا دەستبەرداری هەوڵەکانی بێت لە بەرامبەر نیگەرانییەکانی سەلامەتی و ناڕەزایی بەرفراوانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا و عێراق و بەرهەڵستیی دەسەڵاتدارانی عێراقی فیدراڵی لە بەغدا.
 
لە مانگی تەمموزی [ساڵی] رابردوودا، لە تۆپبارانێکدا بۆ سەر هاوینەهەوارێک لە پارێزگای دهۆک، 9 گەشتیار کوژران و لانیکەم 20ی دیکەش برینداربوون. هێرشەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ تورکیا گەڕێنرایەوە، کە گومان دەکرێت ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردبێتە ئامانج، کە ئەنقەرە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناوی دەبات. تورکیا بەرپرسیارێتی خۆی رەتکردەوە و تاوانەکەی خستە ئەستۆی پەکەکە.
 
لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران پارتە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکانی ئێران کە بنکەیان لە ناوخۆی عێراقە، کردنە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری دیکە. هیومان رایتس وۆچ بۆی دەرکەوتووە کە هەندێک لەو هێرشانەدا،  وەک ئەوەی بۆ سەر کۆیە لە رۆژهەڵاتی هەولێر، هاووڵاتیی سڤیل کوژراون. هێرشەکان چەند هەفتەیەک دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ناوخۆی ئێراندا روویاندا کە بەهۆی کوژرانی مەهسا ئەمینی لە 17ی ئەیلولدا دەستیانپێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە