لە 10 رۆژدا زیاتر لە 1500 پەنابەر لە رۆژئاواوە هاتوونەتە باشووری کوردستان
رووداو - بەردەڕەش
ئەمڕۆ دوایین کاروانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان هاتنە باشووری کوردستان کە 183 پەنابەر بوون و لە شاری جیاوازی رۆژئاواوە بە قاچاخ خۆیان گەیاندبووە هەرێمی کوردستان، هەریەکەیان 100 تاوەکو هەزار دۆلاریان داوە بە قاچاخچی، بەڵام ئیدی رێگە لەبەردەم پەنابەری دیکە داخراوە.
دایکی ئارام، پەنابەر دەڵێت، چوار منداڵی هەیە و لەپێناو بژێویی ژیانیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ئارمانج هادی، پەنابەر باس لەوە دەکات، رێگەی قاچاخیان گرتووەتەبەر و پێنج کاژێر لە رێگەدا بوون تاوەکو گەیشتوونەتە سنووری پێشمەرگە.
هەندێک لەو پەنابەرانە لەبەر بێکاری و هەژاری و هەندێکیشیان نەخۆشیان هەیە، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە چارەسەری کێشەی بژێویی ژیانیان بکەن، هەربۆیە رێگەی پەنابەرییان گرتووەتەبەر.
فاتمە ئیبۆ، پەنابەر دەڵێت، بەهۆی نەخۆشیی منداڵەکانیەوە رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێت، لە رۆژئاوا هەر پزیشکە و شتێکی لەبارە نەخۆشیی منداڵەکانیەوە دەگوت بۆیە ناچاربوون روو لە باشووری کوردستان بکەن.
لە ماوەی 10 رۆژدا هەزار و 534 هاونیشتمانیی رۆژئاوای کوردستان بە رێگەی قاچاخ هاتوونەتە باشووری کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری داوە ئیدی پەنابەر وەرنەگرێت.
پیر دەیان، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت، بڕیار لای وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە ئەمنییەکانەوە هاتووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئیدی رێگە داخراوە و ناکرێتەوە، بەڵام ئامادەن بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
لە ساڵی 2004ەوە پێنجەم جارە خەڵک لە رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە وەکو پەنابەر روو لە باشووری کوردستان دکەەن و لە سنووری پارێزگای دهۆک پێنج کەمپیان هەیە.