دوای ساڵ و نیوێک لە بۆردوومانی تورکیا، هێشتا نەخۆشخانەی گوندی سەفرە نەکراوەتەوە

 
رووداو - سلێمانی

گوندی سەفرە، لە ناوچەی شینکایەتیی قەزای ماوەت، 19 مانگ لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە شەوێکی درەنگ بە بیانووی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پارتی ژیانەوەی کوردستان - پژاک، نەخۆشخانەی گوندەکەیان بۆردوومان کرد.
 
ئەنجوومەنی گوندی سەفرە باسی کاتی بۆردوومانەکەی کرد و دارپەردووی رووخاوی نەخۆشخانەکەی نیشانی تیمی رووداو دا، زۆرینەی باڵەخانەکە وەکو دەڵێن داری بەسەر بەردەوە نەماوە.
 
ئیبراهیم حوسێن، ئەنجوومەنی گوندی سەفرە بە رووداوی گوت، "ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە هاتبووە گوندەکە، پێش ئەوەی بگات ئاگاداکرابووەوە کە چاودێری دەکرێت بۆ بۆردوومانکردن، بۆیە خۆی کردبوو بە نەخۆشخانەکەدا و وا پێشبینیی کردبوو کە رەنگە لەوێ فڕۆکە بۆردوومان نەکات، بەڵام دواتر بە دوو بۆمب بۆردوومان کرا، ئێمە تاوەکو بەیانی لە چیاکە ماینەوە".
 
ئەنجوومەنی گوندەکە ئاماژەی بەوەش دا کە "ماوەیەک لەمەوبەر تیمێکی قوباد تاڵەبانی هاتنە گوندەکەمان و گوتیان نەخۆشخانەکەتان بۆ نوێ دەکەینەوە، ئێمە پێمان گوتن کەی دەیکەنەوە؟ ئەوان گوتیان حکومەت دەبێت مووچەی بۆ دابین بکات و جارێ هیچیشیان بۆ نەکردووین".
 
لەو کاتەوە نەخۆشخانەکە داخراوە و تاکە پزیشکەکەشی گواستراوەتەوە و خەڵکی گوند بێ نەخۆشخانە ماونەتەوە.
 
قادر محەممەد، دانیشتووی گوندی سەفرە باسی لەوە دەکات، "نەخۆشخانەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو، چونکە لێرە دەرزییان بۆ دەکردین و تەداوییان دەکردین و دەرمانیان پێ دەداین، بۆ ئێمە زۆر باش بوو، ئێستا بەهۆی ئەوەی نەخۆشخانەکە نەماوە، خەڵک هەیە گوندەکەی جێهێشتووە، چونکە نەخۆشی هەیە و پێویستی بە نەخۆشخانەیە".
 
بە هەرسێ گوندەکە لە وەرزی هاویندا زیاتر لە 100 ماڵی لێ دەژی. تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، نەخۆشخانەکە زیانی زۆر بەرکەوتووە، بۆیە بە فەرمی دامانخستووە و لە جێگەی ئەو نەخۆشخانەیە سەنتەرێکی تەندروستی لە نزیک ئەوێ دەکرێتەوە.
 
د. هێرش سەید سەلیم ، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە هەوڵدەدەین بەپێی پلانی نوێی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەو سنوورە سەنتەرێکی تایبەتی 122، واتە فریاکەوتنی خێرا، بکەینەوە لە شوێنێکی نزیکی ئەو نەخۆشخانەیە و چارەسەر و پێویستییە تەندروستییەکانی ناوچەکە دابین بکات".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەو سەنتەرە پزیشکییەی کە دەکرێتەوە لە نێوان ماوەت و گوندی گەڵاڵە دەبێت، بە 24 کاژێریش ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی لێ دەبێت، بەڵام روون نییە کەی حکومەت بودجەی پێویست بۆ دروستکردنی تەرخان دەکات.