ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی: تێپەڕاندنی بودجەی 2021 لە پەرلەمان زۆر ئەستەمە

12-01-2021
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەرێمی کوردستان عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی دەڵێت، تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لە پەرلەمانی عێراق "زۆر ئەستەمە" و هۆکارەکەشی بۆ "نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان" دەگەڕێنێتەوە. ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتییش پێیوایە پرسی بودجە و بابەتە تەکنیکییەکانی دیکە پەیوەندی بەو شاندە حیزبییانەوە نییە و ئەوە کاری حکومەتە.
 
ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی و لایەنەکانی دیکە بۆ ئەو مەترسییەی لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراقدا هەیە، رایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە کراوە، پێویستی بە دوو هەنگاوە، یەکەمیان دەبێت وابکرێت لایەنە سیاسییەکان یان فراکسیۆنە عێراقییەکان دەنگی پێبدەن و پشکەکە کەم نەکەنەوە، دووەمیان دەبێت هەرێمی کوردستانیش پێوەی پابەند بێت".
 
ئارێز عەبدوڵڵا پێیوایە هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە دەستیان پێکردووە، "بەڵام دەبوو زووتر دەستیان پێکردبایە، دەشبوو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکەوەبێن، نەک یەکێتی لەلای خۆی و پارتی لەلای خۆی و لایەنەکانی دیکەش لەلایەن خۆیانەوە بێن".
 
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەشڵێت، پێویستە لەوبارەیەوە پارتی دەستپێشخەربێت، چونکە جومگە سەرەکییەکانی حکومەت لە دەستی پارتییە، پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆببنەوە و گفتوگۆ بکەن و گوشار دروست بکەن لەپێناوی ئەوەی بودجەیەک پەسند بکرێت لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە رێککەوتوون، بەڵام ئەندامەکەی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسایەکە لە پەرلەمان "زۆر ئەستەمە، چونکە هەڵوێستێکی یەکگرتووی لایەنە شیعییەکان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دروستبووە، بە پێچەوانەشەوە لە هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی یەکگرتوو نییە، کەواتە ئەمە بە زیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە".
 
ئارێز عەبدوڵڵا دەڵێت، "وەکو یەکێتیی بە پێویستی دەزانین هەردوو حکومەت پابەندبن بە رێککەوتنەکان، ئەگەر هات و حکومەتی عێراق پابەند نەبوو، ئێمە هەڵوێستمان بەرامبەریان دەبێت، لێرەش ئەگەر حکومەت یان پارتی پابەند نەبێ، بێگومان قسەی خۆمان دەبێ".
 
لە بەرامبەردا خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە سەردانیکردنی شاندە حیزبییەکان بۆ بەغدا "شتێکی ئاساییە، پرسی بودجە و بابەتە تەکنیکییەکانی دیکە پەیوەندی بەو شاندانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار شاندی حکومەت سەردانی بەغدایان کردووە".
 
خەسرۆ گۆران چوونی شاندێکی یەکگرتووی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بەغدا "زۆر باشترە لەوەی شاندێک بە تەنیا بڕوات، هەندێکجار چوونی شاندێکی حیزبی بۆ بەغدا بۆ کارێکی تەواو حیزبی یان نێوان دوو حیزب ئەمە شتێکی ئاساییە، بەڵام بۆ پرسە کوردستانییەکان و گوشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان بێگومان شاندێکی یەکگرتوو بڕوات باشترە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی هەنگاوەکانی حکومەت بکەن".
 
سەبارەت بە چوونی شاندێکی پارتیش بۆ بەغدا، ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند "شاندی سیاسی لە کوردستانەوە ماوە ماوە دەچنە بەغدا، بۆ ئەوەیە بەرچاوڕوونییان هەبێت و لە بارودۆخەکە تێبگەن، هاوکات پەیوەندییەکان پتەوبکەن، پتەوکردنی پەیوەندییەکانیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا وادەکات هاوئاهەنگیی باشتر هەبێت لەنێوان فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان لە کاتی دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە".
 
تەنیا لە کوردستانەوە شاندی لایەنە سیاسییەکان نەچووەتە بەغدا، بە گوتەی خەسرۆ گۆران "بە پێچەوانەوە لایەنە ساسییەکانیش هاتوونە هەرێمی کوردستان و سێ رۆژ لەمەوبەر شاندێکی لایەنە سونییەکان لای ئێمەبوون هاتبوون بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی بکەین لە ئاییندەدا دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێشتریش لایەنە شیعییەکان شاندیان هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان. چوون و هاتنی ئەو شاندانەش بۆ چۆنیەتی باشترکردنی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی نێوان ئەو لایەنانەیە".
 
سەبارەت بە هەوڵی دروستکردنی هەرێمێک بۆ سلێمانی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و نەهێشتنی گەندەڵی لە ئەگەری دروستبوونی ئەو هەرێمە، ئارێز عەبدوڵڵا رایگەیاند "من دژی بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی سلێمانیم. پێموایە لەنێوانی بە هەرێمبوون و ئەو سیستەمی حکومڕانییەی ئێستا هەمانە، شتی دیکە هەیە، ئەویش دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە بەسەر پارێزگاکان و قەزاکان، ئەوەی پێی دەڵێن لامەرکەزی، بەمە دەتوانین هەم سیستەمە حکومڕانییەکەمان باش بکەین، هەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ پرۆژە ستراتیژییەکان دەستکراوەتر بکەین، هەمیش دەکرێت خەڵک گلەیی نەبێت لەوەی پێیانوابێت جیاوازی دەکرێت".
 
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت "حکومەت بە ئاراستەی دابەشکردن و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی لامەرکەزییەت هەنگاو بنێت، بۆ ئەوەی نە سلێمانی و نە دهۆک، نە هەڵەبجە و نە هەولێر کەسیان هەست بە پەراوێزخستن و برا گەورەیی بەسەر ئەوەی دیکەیان نەکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە