رووداو- هەولێر
ناسری رەزازی گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان، دوای نزیكەی 36 ساڵ دابڕان، دیسان دەگەڕێتەوە ئەو بەشەی كوردستان، بەڵام بە جیاواز لە جارانی پێشوو ئەمجارە ئەلبوومەكەی لە تارانی پایتەختی ئێرانەوە دەنێردرێتەوە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان.
ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە دەنگ و رەنگی ناسری رەزازی لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە قەدەغەكراوە، بەڵام ئەمجارە ئەلبوومێكی گۆرانی ئەو هونەرمەندە لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی ئێرانەوە رێگەی پێدراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەكەوێتە بازاڕەكانی تاران و رۆژهەڵات و باشووری كوردستان.
زەكەریا یوسفی، ژەنیاری ئامێرەكانی دەف و زەرب كە كاری ئەلبوومە نوێیەكەی بە ناوی (چیاوان) ئەنجامداوە، چۆنیەتی بەرهەمهێنان و رێگەپێدانی بڵاوكردنەوەی ئەو ئەلبوومەی بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد.
یوسفی دەڵێت "دوو ساڵ پێش ئێستا بوومە میوانی كاك ناسر و ئەو كارانەی كە بۆ كاك عوسمان هەورامیم كردبوون و كارەكانی رابردوویم دیسانەوە تۆمار كردوونەتەوە، پێمدا و ئەویش گوێی لێگرت و زۆری بەدڵ بوو، پاش ئەوە پێیگوتم كە ئەویش چەند گۆرانییەكی هەیە بەبێ ئامێری موزیك تۆماری كردوون و پێیخۆشە كاری لەسەر بكرێت".
یوسفی پێشوازی لەو پێشنیازەی رەزاری دەكات، وێڕای ئەوەی كواڵیتی كارەكان باش نەبوو لەبەر ئەوەی كۆن بوون و لە ستۆدیۆ تۆمار نەكرابوون. یوسفی دەڵێت "هەوڵمداوە كواڵیتی گۆرانییەكان باشتر بكەین و بتوانین كەڵكی لێوەربگرین، بە 8 ئامێری زەرب كارەكانم لە تاران تۆمار كرد".
سەبارەت بەوەی ئەو كارە لەژێر چاودێریی ناسر رەزازی كراوە یان نا، زەكەریا یوسفی دەڵێت "كاك ناسر ئاگای لە تەواوی قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی ئەو ئەلبوومە بووە كە ماوەیەكی زۆر پێوەی سەرقاڵ بووین، هەندێك لەو تێكستانەی كە ئەگەری هەبوو ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم پێدانی مۆڵەت بە ئالبوومەكە لامانبرد و هەوڵماندا بەشێوەیەك كارەكان بەرەو پێش ببەین كە هەم كواڵیتی كارەكان وەك خۆی بمێنێتەوە و هەم ئومێدێك بێت كە لە ئێران بتوانین مۆڵەتی بۆ وەربگرین".
چۆنیەتی موڵەت وەرگرتنی ئەلبوومی گۆرانی ناسر رەزازی بە گوتەی یوسفی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "لەسەرەتای هاتنە سەركاری دەوڵەتی حەسەن رۆحانی، بەڵێنی ئەوە درابوو كە دەرگا بۆ هونەر زیاتر بكرێتەوە و هەوڵبدرێت سیاسەت تێكەڵی هونەر نەكرێت، خۆشبەختانە ئێمە كارەكەمان بەرەوپێش برد و وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی هاوكاری كردین بۆ پێدانی مۆڵەت". گوتیشی "هەرچەندە سەرەتا كارەكە زۆر هەستیار بوو و ئاستەنگی تێدەكەوت، بەڵام بە گۆڕانكاری لەهەندێ تێكستی گۆرانییەكان توانیمان مۆڵەتەكەی وەربگرین."
سەبارەت بە گۆرانییەكانی ئەو ئەلبوومە كە ناوی چیاوانە، زەكەریا یوسفی دەڵێت "ئەلبوومەكە پێكهاتووە لە 12 تراك، گۆرانییەكان بە شێوەزاری هەورامی و سۆرانی گوتراون، جیا لە خۆم كە بە سازی زەربی كارەكانم كردووە، بۆ دوو مەقامی ئەو ئەلبوومەش ئەرژەنگ سەیفی زادە بە ئامێری سێ تار و نیاز محەممەد بە قانوون هاوكارییان كردووین".
لەبارەی چۆنیەتی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومەكەیش یوسفی ئاماژەی بەوەكرد كە "دوو رۆژ پێش ئێستا ئەلبوومەكە نێردراوە بۆ سنە و كرماشان و 3000 دانەشی لێ چاپكراوە كە ئومێد دەكەین بە كۆپی نەكردن پێشوازی باش لەو بەرهەمە بكرێت، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا لە تارانیش بڵاوبكرێتەوە و پاشان دەنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستانیش."
هەروەها سەبارەت بە پرۆژەی دیكە لەگەڵ ناسر، زەكەریا یوسفی گوتی" پڕۆژەیەكی دیكەشمان بەدەستەوەیە لەگەڵ كاك ناسری رەزازی، چاوەڕێ دەكەین بزانین پێشوازی لەم كارە چۆنە و ئومێد دەكەین بتوانین كارەكەی دیكەش بكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ