حکومەت بۆ وەزارەتی دارایی: راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە بکە

11-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپاردووە لەگەڵ گەیشتنی هەر بڕە پارەیەکی دیکە لە بەغداوە بۆ تەواوکاری مووچە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەكان بکات.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 430 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان، کە بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانە.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ئەو 430 ملیار دینارە گەیشت و وەزارەتی دارایی لەگەڵ 760 ملیارەکەی دیکە کە پێشتر گەیشتبوو، مووچەی مانگی 10ـی پێ دابەش دەکات".
 
بەم پێیە، چاوەڕێ دەکرێت بەزووترین کات لیستی دابەشکردنی مووچە رابگەیێندرێت.
 
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆیەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "حکومەتی هەرێم دەستخۆشی لە هەموو هەوڵێک دەکات لە سەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
حکومەت دەڵێت، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئێستای سووریا. لەم بارەیەوە سەرۆکوەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، دووپاتیان کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خۆی بە دوور دەگرێت لە هەر کێشە و ململانێیەکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و "وەک هەمیشەش بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەمێنێتەوە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای رێزلەیەکترگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش".
 
هەروەها لەبارەی مووچەوە دەڵێت، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، راپۆرتێکیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە بابەتی مووچە و هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025 پێشکەش کرد".
 
حکومەت باس لەوە دەکات، "ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم رووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵ، لە چەند رۆژی داهاتوودا، تەواوی شایستەی دارایی مانگەکانی 10 و 11 و 12 بنێرێت، تا لە نزیکترین دەرفەتدا، مووچە دابەش بکرێت، کە بەداخەوە، بەهۆی رێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 12ین و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 وەردەگرن، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، تا ئێستاش مووچەی مانگەکانی 10 و 11 ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم کەموکوڕیی لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەی بە تەواوی و بە بێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەک ئاراستەی بەغدا دەکات و دەڵێت، "بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران، داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەکات، لە کۆبوونەوەی داهاتوویان کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت، پشت بەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە، بە گوێرەی مادەی 60 لە یاسای بودجەی عێراق، چارەسەری بنەڕەتیی کورتهێنانی تەرخانکراوی مووچەی هەرێم بکەن، تاوەکو مووچەخۆرانی هەرێم، هاوتای هاوەڵەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەکانیان بەتەواوی و لە وادەی یاسایی خۆیان وەربگرن و چی دی پاساو و بیانووی تەکنیکی، نەکرێنە بەربەست لەبەردەم شایستە داراییەکانی مووچەخۆران کە پێویستە دوور بێت لە هەموو ناکۆکییەک".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەمواری یاسای بودجەوە دەڵێت، "بڕیاردرا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی داهاتوودا، بۆ بەدواداچوونی پرسی هەموارکردنەوەی بودجەی گشتیی فیدراڵ و خشتە داراییەکانی هاوپێچی یاساکە بۆ ساڵی دارایی 2025، سەردانی بەغدا بکات".
 
دەشڵێت، "دواتر هەر لە چوارچێوەی یەکخستنەوەی رێکار و رێسا داراییەکان لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، لە بڕگەی دووەمی کۆبونەوەکە، وەزیری دارایی و ئابووری پێشنیازی هاوبەشی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجوومەنی گشتیی راژەی بۆ هاوتاکردنی ناونیشانە وەزیفییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی خشتەی نوێی ناونیشانە وەزیفیەکان کە لە یاسای ساڵی 2024ی هەموارکراوی میلاک هاتوون، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکانی راسپارد بەدواداچوون بۆ ئەم هەموارە بکەن کە لە خشتەی ناونیشانە وەزیفیەکانی یاسای میلاک هاتووە، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێم و بەرژەوەندی فەرمانبەران تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت".
 
کۆتایی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەپێی راگەیێندراوەکە، تایبەت بووە بە خستنەڕووی راپۆرتێکی ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی دۆخی پێکهاتەکان و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و لەم بارەیەوە حکومەت دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە پاراستن و داکۆکیکردن و پەرەپێدانی مافەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە