رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 167 سکاڵا لەسەر پارێزەران تۆمارکراون، بەڵام 17 پارێزەر سزادراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر بە رووداوی گوت، "مەرج نییە هەموو ئەو سکاڵایانەی تۆمار دەکرێن، ئاماژەی تاوان بن و بە سزای پارێزەر کۆتاییان بێت، هەندێکیان راست نین و هەندێکیان پێش بڕیاردان سازش دەکەن."
گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر گوتی، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 167 سکاڵامان هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا 17 پارێزەر سزادراون."
بە گوتەی ئارام گەردی، "سزاکان لە ئاگادارکردنەوە دەستپێدەکات تاوەکو سڕینەوەی ناو لە لیستی پارێزەران، ئەگەر هاتوو پارێزەرێک لە ماوەی یەک ساڵدا دوو جار سزادرا یاخود سێ جار لەلایەن لیژنەی بەرزفتەوە سزادرا، ئەوە ناوی لە لیستی پارێزەران دەسڕێتەوە."
سەبارەت بە نوێکردنەوەی ناسنامەی پارێزەری، ئەندامی لیژنەی بەرزفتی هەولێر دەڵێت، "ئەم ساڵ 12 هەزار و 282 پارێزەر ناسنامەیان نوێکردووەتەوە، 1805 پارێزەر ناسنامەی 2023یان هەیە، 309ی دیکەش ناسنامەکانیان 2022ـە."
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار و 906 پارێزەر هەن، کە 8845یان لە پارێزگای هەولێرن. 6129 پارێزەر هەڵگری ناسنامەی لقی هەولێر و نوێکراوەی 2024ن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ