عێراق 430 ملیار دیناری بۆ تەواوکاریی مووچە نارد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 430 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری دارایی هەرێمی کوردستان، کە بۆ تەواوکاریی مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ ئەو 430 ملیار دینارە گەیشت و وەزارەتی دارایی لەگەڵ 760 ملیارەکەی دیکە کە پێشتر گەیشتبوو، مووچەی مانگی 10ـی پێ دابەش دەکات".
وەسەن سەعد قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق، رۆژی دووشەممە 09-12-2024، نووسراوی فەرمی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و رەزامەندی داوە لە گواستنەوە و خەرجکردنی 430 ملیار دینار لە پشکی هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی نووسراوەکە، گواستنەوەکە لە فەسڵی نۆ، مادەی یەک و جۆری حەوت کراوە، کە مووچەی مۆڵەتە ئاساییە کەڵەکەبووەکان و مووچەی کەڵەکەبووی شەهیدانەیە، کۆی گشتییەکەی 430 ملیار دینارە.
بەم پێیە، چاوەڕێ دەکرێت بەزووترین کات لیستی دابەشکردنی مووچە رابگەیێندرێت.