رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان پێیوایە گەورەترین پێشێلکاریی ماف کە بەرامبەر خەڵک بکرێت لە هەرێمی کوردستان "بێ مووچەییە"، روونیشیدەکاتەوە "زۆرجار بێ مووچەیی و نەبوونی سەریکێشاوە بۆ ئەنجامدانی تاوان". د. مونا یاقو، داوا دەکات هەرێمی کوردستان و عێراق کێشەی مووچە چارەسەر بکەن".
لەبارەی دۆخی زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و بوونی زیندانی نهێنیش، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەختدەکاتەوە "نەمزانیوە هیچ زیندانێکی نهێنی هەبێت". دووپاتیشیدەکاتەوە "هیچ کەسێکم نەبینیوە لە هەرێمی کوردستان لەسەر بیروڕای سیاسی زیندانی کرابێت".
د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژی هیوا جەمال، لەبارەی دۆخی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بوونی پێشێلکاری بە "شتێکی ئاسایی" دەبینێت و پێیوایە "لە هەموو دونیا پێشێلکاری هەیە، گرنگ ئەوەیە ئازادی هەبێت باسیان بکەیت و هۆکارەکان و چارەسەرەکان بخەیتەڕوو".
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، گەورەترین پێشێلکاری بە دابەشنەکردنی مووچە دەبینێت و بە رووداوی گوت، "یەکەم بابەت پەیوەندی بە مافەکانی مرۆڤ مووچەیە، خەڵک و فەرمانبەر ژیانی لەسەر مووچەیە، من کە کارێک دەکەم دەبێت مووچەکەم وەربگرم، ئەو بابەتە بە سیاسی کراوە و چارەسەر نەکراوە، وایکردووە خەڵک نیگەران بێت و هەندێک جاریش نەبوونی، ئەنجامدانی تاوانی لێکەوتووەتەوە، بۆیە من وەکو نوێنەری هاووڵاتییان کە باسی پێشێلکاری دەکەم، گەورەترین پێشێلکاری بە نەبوونی مووچە دەبینم". داواش دەکات "هاوئاهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە".
بە بڕوای سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە هەرێمی کوردستان هەندێک جار پێشێلکاری تۆمار دەکرێت لەسەر بنەمای گوتاری رق و کینە و ناشیشارێتەوە کە "زۆرجار کوردانی ئێزدی سکاڵا بۆ دەستە دەنێرن، بەرامبەر گوتاری رق و کینە، بە تایبەتی لەسەر سۆشیال میدیا".
د، مونا یاقو پێشێلکارییەکی دیکە لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا بە زۆربوونی قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکان دەبەستێتەوە و پێیوایە "ئەوانەی باری داراییان خراپە، بوونەتە قوربانی"، بەڵام ئەوەش باسدەکات کە "ئەوە بووەتە واقیع، لە هەموو وڵاتان ئەو کێبڕکێیە هەیە لە نێوان قوتابخانە و زانکۆ تایبەتەکان و گشتییەکان".
یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، چاودێریکردنی گرتووخانە و چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی پێشێلکارییەکانە، سەرۆکی دەستەکە روونیدەکاتەوە، کە تیمێکیان هەیە بەردەوام سەردانی هەموو گرتووخانەکان دەکات و هەفتانەش راپۆرت لەبارەی دۆخی زیندانەکان ئامادە دەکات و دەیداتە سەرۆکی دەستەکە، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانە "هەر خاڵێک جێگەی نیگەرانی بێت لەنێو زیندانەکان چارەسەری دەکەین". ئەوەش دەڵێت "لە هیچ گرتووخانەیەک رێگری لە کارمەندانمان نەکراوە، هەر رێگرییەک هەبێت لە میدیاکان باسی دەکەم".
زۆرجار هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زیندانی نهێنیی هەیە، بەڵام سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "زانیاریم نییە کە هیچ زیندانێکی نهێنی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوەی کە دەیبینم زیندانیی ئاشکرایە و ناونیشانیان هەیە و سەردانیان دەکەین". دەشڵێت "دۆخی بەندکراوان باشە، بەڵام دەبێت باڵەخانەکان باشتر بکرێن و خزمەتگوزارییەکانیان زیاتر بێت".
لەبارەی بوونی زیندانیی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان، د. مونا یاقو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، رەتیدەکاتەوە هیچ زیندانییەک هەبێت، نموونەش بە زیندانیکراوانی بادینان دەهێنێتەوە و دەڵێت، "نەمزانیوە هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بیروڕای سیاسی زیندانی کرابێت، تەنانەت زیندانییانی بادینان رۆژانە سەردانی خۆیان و خێزانەکانیانم دەکرد، لە دۆسییەکانیانم دەڕوانی، هیچ بابەتی سیاسیی تێدا نەبوو، ئەو کەسانە دەڵێن کەیسەکەیان سیاسییە، بەڵام ئەوەی من بینیم کەیسەکانیان سیاسی نەبوو، ئەوەی بینیومە ئەوە دەڵێم، کە نەمبینیوە زیندانی سیاسی هەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ