بەرپرسیار مەیدانی پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی رێگەوبان لە گەڕەکێکی 5 هەزار ماڵی لە هەولێر بەسەردەکاتەوە

48 خولەک له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆژەی شەقامی 30 مەتری لە گەڕەکی ژین لە دارەتووی هەولێر بە گوژمەی 2.4 ملیار دینار بەردی بناخەی دانرا، تەنیا پێنج مانگ کار لە پڕۆژەکە کرا و جێهێڵدرا. کۆمپانیای جێبەجێکار دەڵێت، پارەیان وەرنەگرتووە. شارەوانیی دارەتووش دەڵێت "بەزووترین کات کارکردن لە پڕۆژەکە دەستپێدەکاتەوە".
 
پڕۆژەکە زیاتر لە مانگێکە بە نیوەچڵی جێهێڵدراوە، پێشتر شەقامێکی قیڕ بەنێو گەڕەکی ژین دا تێدەپەڕی و درێژدەبووەوە بۆ 15 گوندی سنوورەکە، ئێستا شەقامەکە چاڵی زۆری تێکەوتووە و رۆژانە تۆز و خۆڵی زۆر بەسەر هاونیشتمان و ماڵەکانی ئەو سنوورە بڵاودەکاتەوە و ئاستەنگی هاتووچۆی دروستکردووە.
 
عەلی حەسەن، دانیشتوویێکی گەڕەکی ژینی دارەتووە، بە رووداوی گوت "دۆخمان لەوپەڕی خراپییە؛ کە باران دەبارێت، دەکەوینە نێو قوڕ و لیتە کە هاوینیشە دەمرین لەگەڵ تۆزو خۆڵ." 
 
 
بەهۆی خراپیی رێگەکەوە، زۆربەی دووکانەکانی دەکەونە سەر رێگەکە، داخراون. 
 
مام تاهیر دووکانی بۆڕیی هەیە، بە رووداوی گوت "بەهۆی رێگەکەوە، شوکر بۆ خوا کەس نایەت سڵاوێکیشمان لێبکات. بێ کار ماوینەتەوە."
 
 
5 هەزار ماڵی گەڕەکی ژینی دارەتوو، لەگەڵ 15 گوندی سنوری ناحیەی بێستانە هاتووچۆیان لەسەر رێگەکەیە. وەستانی پرۆژەکە خەڵکی ناچارکردووە ماڵەکانیان بۆ گەڕەکەکانی دیکە بگوازنەوە.
 
خراپیی دووسایدی ژین، نرخی خانوو و زەوی دابەزاندووە. فاخیر، کە کاری کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دەکات و دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکەیە، بە رووداوی گوت "نرخی خانوو و زەوی دابەزیوە، پێشتر خەڵک خانووی خۆی لە گەڕەکەکانی دیکە دەفرۆشت و دەهاتە ئێرە، بەڵام لەوەتەی رێگەکە تێکچووە، کەس خانوو  و زەوی ناکڕێت."
 
 
درێژی شەقامەکە سێ کیلۆمەترە و 58٪ـی کارەکانی تەواوبوون، کۆمپانیای جێبەجێکار حکومەتی لە راگرتنی کارەکانی پڕۆژەکە ئاگادارکردووەتەوە و داوای خەرجکردنی بودجەی پرۆژەکە دەکات.
 
حاجی فارووق، خاوەن کۆمپانیاکە و بە رووداوی گوت "بڕی زیاتر لە یەک ملیار دینارم تەنیا بە ژمارە بۆ خەرجکراوە، دەچمە بانک دەڵێن؛ پارە نییە. تاوەکو گوژمەیەک وەرنەگرم، ناتوانین دەست بەکار بکەینەوە."
 
لە هەردوو لای راست و چەپی دووسایدە تەواونەکراوەکەدا، ئاوەڕۆی قووڵ هەڵکەندراون و لە بەشێکی پڕۆژەکە دا سەرە مەنهۆڵیان بۆ دانەنراوە، بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەش ئاوەڕۆکەی بە کراوەیی جێهێڵدراوە. ئەمەش بووەتە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵ و قوتابیانی ئەو سنوورە.
 
 
رێگەکە، کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی نوێژخوێنانی مزگەوتی گەڕەکەکەش کردووە. مەلا سابیر، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی مامۆستا حەیدەر، بە رووداوی گوت "لەگەڵ تێکچوونی رێگەکە، ژمارەی خەڵکیش کەمبووەوە و رێگە ناخۆشە و نایەنە مزگەوت. لەگەڵ موختار و خەڵکی گەڕەکەکە چووینە لای کاک ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەڵام تاوەکو ئیستا هیچ وەڵامێکی داواکارییەکەمان نییە."
 
 
جگە لە شەقامی سەرەکیی گەڕەکەکە، ئاوی باران لەنێو کۆڵانەکانیش دا دەوەستێت و بۆنێکی ناخۆش لەنێو بەشێکی کۆڵانەکان دا بڵاودەکاتەوە. سۆزان تاهیر، دانیشتوویەکی ئەو گەڕەکە، بە رووداوی گوت "نزادەکەین باران نەبارێ، هەرکاتێک ببارێ پیاوەکەم بە مزەخە ئاوی کۆڵان لادەدات."
 
 
سەرۆکایەتیی شارەوانیی دارەتوو دەڵێت، کۆمپانیا بە فەرمی ئاگاداری نەکردوونەتەوە لە راگرتنی پڕۆژەکەدا.
 
رەوەند قادر قادر، سەرۆکی شارەوانیی دارەتوو، بە رووداوی گوت "هۆکاری وەستانی کارەکانی پڕۆژەکە بۆ وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا دەگەڕێتەوە. داوامان کردووە دەست بە کار بکاتەوە. بەم نزیکانە کۆمپانیا دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و دوو سایدەکە و چاککردنی کۆڵانەکان تەواو دەکرێن."
 
 
گوژمەی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانییە. بە گوتەی شارەوانیی دارەتوو، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی گەڕەکی ژین لەنێو هەموو گەڕەکەکانی دیکە "پشکی شێر"ـی بەرکەتووە  و بە بەهای 5 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ جێبەجێکراوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شەهیان تەحسین باسی نەخۆشیی ئایدز دەکات لە دهۆک

لە دهۆک لەڕێگەی پشکنینی پێشوەخت شەش تووشبووی نوێی ئایدز تۆماردەکرێن

لە شاری دهۆک، لەڕێگەی پشکنینی پێشوەختە، ئەمساڵ شەش تووشبووی نوێی نەخۆشیی ئایدز تۆمارکراون، بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەش بەڵێننامەی یاساییان پێ واژۆ دەکرێت.