رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵمەتێکی پشکنینی لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیێتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ یەکێک لە سەنتەرە ناسراوەکانی جوانکاری، زیاتر لە 650 دەرزی و کەلوپەلی جوانکاریی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو 250 لەو مادانە، دەرزیی تایبەت بە فیلەر بوون، کە بەرواری بەسەرچوونی بەشێکیان بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە غەریب مەجید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند بەشێک لەو دەرزیانە بۆ هاونیشتمانیان بەکارهێنراون.
لەبەرامبەردا خاوەنی ئەو سەنتەرە رایگەیاندووە؛ ئەو کەلوپەلانەیان ئامادەکردووە تاوەکو بیانگەڕێنێتەوە بۆکۆمپانیای سەرەکی لە بەغدا و، بۆ بەکارهێنان نەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ لە زاخۆ 20 سەنتەری جوانکاری هەن، کە تەنیا 13ـیان مۆڵەتی کارکردنیان هەیە.
شەوی رابردوو یەکێک لەو سەنتەرە بێ مۆڵەتانە بۆ جاری هەشتەم داخراوە، بەڵام وەکو پەیامنێری رووداو ئاماژەی پێکرد "سەنتەرەکە جارێکی دیکەش کراوەتەوە."
پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی کردووە و دەرکەوتووە؛ خاوەنی زۆربەی ئەو سەنتەرانە، خەڵکی هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیان.
لە زاخۆ جگە لە سەنتەرەکان، لە ئارایشگەش کە شوێنی تایبەتمەند نین، کاری بۆتۆکس و فیلەر بۆ ژنان دەکرێت.
ئێستا، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو سەنتەرە کراوەتەوە، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-12-2024) ماددەی ماوەبەسەرچوو تێیدا دەستی بەسەردا گیراوە و، چاوەڕێی بڕیاریی کۆتایی دادگا دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ