رووداو دیجیتاڵ
لە شاری دهۆک، لەڕێگەی پشکنینی پێشوەختە، ئەمساڵ شەش تووشبووی نوێی نەخۆشیی ئایدز تۆمارکراون، بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشییەکەش بەڵێننامەی یاساییان پێ واژۆ دەکرێت.
د. ئەحمەد عەلی، بەرپرسی بەشی خۆپاراستن لە نەخۆشی ئایدز لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆک ئەمڕۆ (چوارشەممە، 11-12-2024) لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکیشی دەکات، رایگەیاند لە دهۆک 15 تووشبووی ئایدز هەن، کە سەرجەمیان خەڵکی دهۆکن و پرۆتۆکۆلی تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانە جێبەجێ دەکرێت.
بە گوتەی پزیشکەکە لە پۆلێنکردنی نەخۆشیی ئایدز نزیکەی 7 بۆ 8 گرووپی مەترسیدار هەن، کە بریتین لە "ئەوانەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بکەن، ئەوانەی بەردەوام خوێن دەبەخشن، کوردانی رۆژئاوا کە کارت (ناسنامەی) تەندروستی دەردەکەن، کارمەندانی تەندروستی، ژنانی دووگیان، ئەوانەی دەیانەوێت نەشتەرگەری بکەن" ئەمانە بە گرووپی مەترسیدار هەژمار دەکرێن و سەرجەمیان پشکنینی پێشوەختەی ئایدز و چەند نەخۆشیێکی دیکەیان بۆ دەکرێت.
د. ئەحمەد عەلی لەبارەی چۆنییەتی دەستنیشانکردنی تووشبووەی ئایدز، جەختی کردەوە لەوەی "سەرجەمیان بە رێگەی پشکنینی پێشوەختە ئاشکرا بوون، شەشیان ئەمساڵ ئاشکرا بوون، کە سێ لەوان بیانی بوون و دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، دیپۆرتکراون."
ئەو سێ کەسەی دیکە کە خەڵکی دهۆک بوون؛ یەکێکیان پێش پێکهێنانی هاوژینی ئاشکرا بووە، یەکێکی دیکە لەو کەسانە بووە کە پشکنین بۆ سەرتاش و قەسابەکان دەکات، ئەوەی دیکە خوێنبەخش بووە.
د. ئەحمەد عەلی رایگەیاند ئەوانەی تۆمار کراون، بە رێگەی پەیوەندی سێکسی و گواستنەوەی پێکهاتەی خوێن، تووش بوون.
لەبارەی چۆنیێتیی چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا، د. عەلی رایگەیاند، بە نهێنی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دا دەکەن کە ئەو نەخۆشیەیان هەیە و تایبەتمەندییەکانیان دەپارێزن، تەنانەت خێزانەکەشی مافی ئەوەی نییە بزانێت ئەو کەسە تووش بووە. تەنیا ئەگەر توشبوو تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت، یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئاگادار دەکرێت.
دەربارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش بەو نەخۆشانە دەکرێن، د. عەلی دەڵێت راوێژی تایبەتیان پێدەدەن تاوەکو بتوانن خۆیان و کەسانی دەوروبەریان بپارێزن، هاوکات بەڵێننامەیەکی یاساییان پێ واژۆدەکەن.
هەروەها گوتی ئەگەر پشتڕاست بن ئەو ڤایرۆسە لەلایەن ئەو کەسەوە بڵاوکراوەتە، یان بووەتە هۆی تەشەنەسەندی نەخۆشییەکە، رێکاری یاسایی بەرامبەر بەکاردێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ