رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان بە رووداوی گوت بەهۆی بوردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین، ماوەی دوو رۆژە کارەبای کۆبانێ بڕاوە.
عەدنان بۆزان، سەرۆکی لقی کۆبانێی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەکاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند گرووپە چەکدارەکان "تاوەکو سنووری رووباری فورات هاتوون، بەڵام تێنەپەڕیون."
عەدنان بۆزان گوتی بەهۆی بۆردوومانی تورکیا، زیان بە بەنداوی تشرین گەیشتووە، ماوەی دوو شەوە کارەبای کۆبانێ بڕاوە و خەڵک لەڕێگەی موەلیدەوە کارەبا دابین دەکەن.
بەنداوی تشرین لەنێوان منبج و کۆبانێیە و لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە. ماوەی دوو رۆژە گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو بەنداوە و شەوی رابردووش فڕۆکەکانی تورکیا بۆردوومانیانکرد.
بە گوتەی عەدنان بۆزان پێشتر بەشی هەرە زۆری پێداویستییەکانی کۆبانێ لە شاری منبجەوە هاوردە دەکران، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپیی رێگەکەوە کەس ناتوانێ هاتووچۆ بکات، بۆیە 'ئەگەری ئەوە هەیە؛ گرانی روو لە شارەکە بکات.'
منبج، شارێکی زۆرینە عەرەبنشینە و چەندین ساڵ بوو لە لایەن هەسەدەوە بەڕێوەدەبرا. سوپای نیشتمانیی سووریا رایگەیاندووە کۆنترۆڵکردنی منبج بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنی "گزنگی ئازادی" کە کۆتایی مانگی رابردوو لە تەلرەفعەتەوە دەستیپێکرد و شارەکەی لە دەستی هەسەدە دەرهێنا.
عەدنان بۆزان راگەیاند بەپێی زانیارییەکانی بەردەستی ئەوان، رێککەوتن هەیە کە گرووپە چەکدارەکان سنووری رووباری فورات تێناپەڕێنن، بەڵام پێویستە 'پەیەدە و رێڤەبەرایەتیی خۆسەر، چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ بارودۆخی ناوچەکە بدۆزنەوە.'
سەرۆکی نوێنەرایەتیی خۆجێیی ئەنەکەسە لە کۆبانێ هەروەها ئاماژەی بەوە دا 'هەرچەندە ئێستا رەوشی کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری ئارامە، بەڵام خەڵک لە دڵەڕاوکێدان و ترسیان هەیە سیناریۆی سەرێ کانی و گرێ سپی دووبارەببنەوە.'
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ