لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە کەلار دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

ئۆتۆمبێلێک لە کەلار وەرگەڕا، کە بەهۆیەوە دووکەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، "لەسەر رێگای کەلار - باوەنوور ئۆتۆمبێلێک پاش ئەوەی کۆنترۆڵ لەدەستدەدات، خۆی بە ستوونێکی رووناکیدا دەکێشێت؛ بەهۆیەوە پێنج منداڵ و دوو ئافرەت برینداربوون."
 
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کردووە، "دوای گەیاندنی بریندارەکان بەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە دوو لە بریندارەکان کە منداڵن گیانیان لەدەستدا؛ یەکێکیان تەمەنی شەش ساڵە و ئەوەی دیکەش هەشت ساڵە."
 
هاوکات، رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید ھەژار لە کەلار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"ئۆتۆمبێلەکە 9 کەسی تێدابووە؛ دووانیان کە منداڵ بوون گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندارن و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە."
 
بە گوتەی رزگار لەتیف، "هەر ئەمڕۆ و بەنزیکەیی لە هەمان کاتی ئەو رووداوەی پێشوودا، دوو گەنجیش گەیێندرانە نەخۆشخانە کە بە ماتۆڕسکیل تووشی رووداوی هاتووچۆ ببوون، هەردووکیان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە."
 
هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت، ژمارەی بریندارەکان بەهۆی رووداوەکەوە پێنج کەسن، بەڵام نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار باس لەوە دەکەن کە 7 کەس بریندارن.