چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان: بازرگان و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر 20٪ـی سزادراوان پێکدەهێنن

11-12-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن مادەی هۆشبەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێنج هەزار و 418 سزادراو لەنێو چاکسازییەکاندا هەن، کە زیاتر لە هەزار سزادراویان بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023 ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادیکردووە، ئێستا لە کۆی پێنج هەزار و 418 سزادراو، هەزار و 180 سزادراو بەکارهێنەر و بازرگانی مادەی هۆشبەرن، کە 520ـیان بازرگان و 660ـیان بەکارهێنەرن.
 
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چاکسازی گەورانی هەولێر1832 سزادراو، لە سلێمانی 1533 سزادراو و لە دهۆک 1434 سزادراو هەن؛ لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێریش 369، لە سلێمانی 137 و لە دهۆک 113 سزادراو هەن.
 
بە گوتەی ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر زیادیکردووە و ئێستا 20٪ـی کۆی سزادراون پێکدەهێنن و دەڵێت، "ئێستا بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەنێو ژنان و منداڵانیشدا زیادی کردووە، بەڵام لە چاکسازییەکان رێکاری تووند گیراوەتەبەر و ناتوانرێت بە ئاسانی مادەی هۆشبەر ببرێتە ژوورەوە."
 
بەپێی نوێترین ئامار، ئێستا لە عێراق 11 هەزار کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە زیندانەکانن.

 

بەرنامەیەکی تایبەتی لەگەڵ رەنج لەبارەی ئالوودەبوو و بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان کە لە 26ـی مانگی تەممووزی ئەمساڵ پەخشکرا:


 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە