وەزارەتی دارایی: کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەم مانگە شاندی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا.
رۆژی دووشەممە 11-12-2023 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە شاری بەغدا کۆبوونەوەی نێوان شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد تەمیمی، وەزیری پلاندانان، کە جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەستیپێکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەکە لەسەر پرسی سیاسەتی گومرگی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەیە کە لەسەر ئەو پرسانە لەنێوان هەردوولادا هەن.
رۆژی سێشەممە 07-11-2023 ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، داوایان لە حکومەتی عێراق کردووە هەریەک لە دەروازەکانی پشتە، سەیرانبەن، تەوێڵە، کێلێ، سەرزێر، فیشخاپوور و زێد بکرێنە فەرمی.
جگە لە دەروازە نافەرمی و نیمچە فەرمییەکان، هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی فەرمی هەیە؛ سێ دەروازەی لەگەڵ ئێراندان کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرن؛ هەروەها دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک تەنیا دەروازەی وشکایی فەرمیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقیشە لەگەڵ تورکیادا.