نێچیرڤان بارزانی بۆ ئافرەتان: دڵنیا بن ھەمیشە لەپێناو مافەکانتاندا ھاوکار و پشتیوانتان دەبم

11-12-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانى
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا جگە لە پیرۆزباییکردنی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، دەڵێت "ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە... دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم."
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-12-2023) پەیامێکی بەبۆنەی یادی 71 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یادەکە "بە گەرمی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان پیرۆز دەکەم. خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانیان لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئازادی و یەکسانی، بەڕێز و پێزانینەوە ھەڵدەسەنگێنم و ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم."
 
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان رێکخراوێکی مرۆییە و لە بواری ئافرەتاندا لە هەرێمی کوردستان و مەڵبەندە کوردییەکان لە جیهان کاردەکات. ئەم رێکخراوە لە 11-12-1952  لە شاری سلێمانی دامەزرا، بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی تواناکانی ئافرەتان لە بەشداریکردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و پایە رامیاری و کۆمەڵایەتییەکان.
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێ "یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان وەک رێکخراوێکی پێشەنگی پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان، لە ھەردوو سەردەمی شۆڕش و ئازادیدا، رۆڵێکی دیاری لە خەباتی مەدەنیی کۆمەڵگەی کوردستاندا گێڕاوە. وێڕای پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئافرەتان، بە سەدان ئافرەتی بەتوانای لە ھەموو بوارەکاندا و چەندین کادیر و سەرکردەشی پێگەیاندووە، کە لە ھەموو کایەکانی ژیاندا خزمەتیان بە وڵات کردووە و دەکەن."
 
جێگری سەرۆکی پارتی لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی کۆمەڵگەیەکی کراوەی ئازاد و پێشکەوتووی مەدەنی، بێ ئازادیی ئافرەت و مسۆگەریی تەواوی مافەکانیان نایەتە دی، "بۆیە لەم یادەدا ھەموو پشتگیرییەک لە خەباتی ئافرەتان دووپات دەکەمەوە. با یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و ھەموو رێکخراو و بزووتنەوەیەکی ژنان لە کوردستان دڵنیا بن کە بۆ ھەمیشە لەپێناو مافەکانیاندا، ھاوکار و پشتیوانیان دەبم."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی رێگەکە کە پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە

پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.