بەرهەمی نەوتی چیای گابار لە شرنەخ گەیشتە 30 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راگەیێنراوێکی دامەزراوەی نەوتی تورکیا (TPAO)، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان گەیشتووەتە 30 هەزار بەرمیل.
 
دامەزراوەی نەوتی تورکیا (TPAO) رۆژی دووشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، ئاماری تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی چیای گاباری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەرهەمهێنانی نەوت لە 23 بیری چیای گابار لە رۆژێکدا گەیشتووەتە 30 هەزار بەرمیل. ئامانجمان ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ رۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنین. هەروەها تاوەکو کۆتایی ساڵی 2024 بیگەیەنینە 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا، یەدەگی نەوتی شرنەخ 150 ملیۆن بەرمیلە و بەهاکەی 12 ملیار دۆلاری ئەمریکییە. تاوەکو کۆتا رۆژی ساڵی 2022، حەوت هەزار و 714 بەرمیل نەوت لە بیرەکانی شرنەخ بەرهەمهێنراوە.
 
بەپێی ئاماری حکومەت لە باکووری کوردستان و تورکیا، هەزار و 200 بیرە نەوت هەن. ئامانجی بەرپرسانی تورکیا ئەوەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکەنەوە.
 
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات TPAO رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە. 
 
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن.
 
هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی ناوخۆی تورکیا دابین دەکات.
 
لە کاتێکدا 93%ی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتریان هەیە، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلە. لە تورکیا لە قوڵایی 3000 - 4000 مەتردا نەوت دەردەهێندرێت.