وەزارەتی دارایی: گرێبەستی وەرگرتنی 700 ملیار دینارەکەمان واژۆ کردووە

11-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ     

 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات شێخ جەناب لە بەغدا گرێبەستی 200 ملیار دیناری لە بانکی رەشید واژۆ کرد. بەوەش گرێبەستی وەرگرتنی 700 ملیار دیناریان واژۆ کردووە. 
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لە شاری بەغدا گرێبەستی وەرگرتنی 200 ملیار دیناری وەکو قەرز لە رێگەی بانکی رەشیدەوە واژۆ کرد." 
 
وەزارەتەکە دەشڵێت: "لە چەند رۆژی رابردوودا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرجەم رێکارەکان و گرێبەستی وەرگرتنی 500 ملیار دینارمان لە رێگەی بانکەکانی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراقییەوە واژۆ کردووە." 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە "لەنزیکترین کاتدا" پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکەکەی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. 
 
وەزارەتی دارایی عێراق یەکشەممە، 10-12-2023 لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی هەینی (8-12-2023) وەزارەتەکە نووسراوێکی کردووە، تێیدا بڕیاردراوە بە پێدانی قەرزێکی 700 ملیار دیناری بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک ئەو بڕە پارەیە دواتر لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە پاکتاو بکرێت.
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، جگە لە خەرجیی بەکاربردن و دامودەزگاکان و بودجەی وەبەرهێنان و تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا، بڕیارە ئەو کورتهێنانەی بۆ مووچە دروست دەبێت، لە داهاتی نێوخۆ پڕبکرێتەوە. 
 
رۆژی شەممە 09-12-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە لە بەغدا تۆمارکرا، باسی لە ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "دوێنێ واژۆم لەسەر ناردنی 700 ملیار دیناری قەرز بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کرد."  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە