لە هەرێمی کوردستان بایەخدان بە ئەسپسواری رووی لە زیادبوونە؛ 'گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە'

13-12-2023
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
ئەسپسواری لە هەرێمی کوردستان
ئەسپسواری لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سوارچاکی و وەرزشی ئەسپسواری لەلایەن گەنجانەوە بایەخی زۆری پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین فێرگەی ئەسپسواری کراونەتەوە، راهێنەرێکی ئەو وەرزشەش دەڵێت، ئەسپسواری گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە.
 
ژمارەیەک سوارچاکی گەنج کە بە ئەزموونن لە ئەسپسواری رەشمە بە دەستیان دەگرن و ئەسپەکانیان تاو دەدەن. شاد کامەران، یەکێکە لەوان و دەڵێت، چەندین دیمەنی دێتە پێش چاو، دیمەنی ئەو سرووشتییانە کە دەبینیت ئەو دیمەنانە کە لە رابردوو باب و باپیرانمان بەسەریان بردووە، چەندین شۆرشیان کردووە، هەر ئەو ئەسپەیان بەکارهێناوە. پەیوەندییەکی زۆر باشم هەیە، زۆرجار ئەوەی ئاژەڵێک لێی تێدەگات، مرۆڤ تێناگات."
 
لە فێرگە و یانە ئەسپسوارەکاندا، ئەو جۆرە گرووپانە لە رۆژێکدا 2 بۆ 3 جار پێکدەهێنرێن. ماوەی گەشتەکە لە 40 خولەک بۆ کاژێرێکە. هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداری بکات. ئەو کەسانەشی کە ئارەزوویان هەیە دەتوانن ئەسپەکە زین بکەن.  
 
دەرین نەجمەدین، خاوەن فێرگەیەکی ئەسپسوارییە باس لەوە دەکات، "لێرە خول و، گەشتی ئەسپسواری هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەسپسواری دەزانن، زۆرجار کات نییە بۆ فێربوونی ئەسپسواری، دەتوانیت لەنێو گۆرەپان لە ژێر چاودێری راهێنەرێکدا سواری ئەسپ بیت."
 
گۆران خۆشناو، راهێنەری  ئەسپسوارییە، باسی سوودەکانی ئەسپسواری دەکات و دەڵێت، ئەسپسواری بۆ گوشاری دەروونی زۆر بەسوودە، کەسێک کاتێک کە سواری ئەسپ دەبێت، هۆرمۆنی دۆپامین دەردەدات و گوشاری دەروونی کەمتر دەبێتەوە. هەروەها سوودی باشی هەیە بۆ ماسولکە و جومگەکانی لەش، ئەگەر بە شێوازی دروست ئەنجامی بدەیت. سوودی زۆر باشی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن.  
 
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر ئەسپ کراوە، ئەو ئاژەڵە پێنج هەستی زۆر باشی هەیە، وەکو تامکردن، بۆنکردن، بەرکەوتن، بیستن و بینین. هەروەها هەستی شەشەمیش هەستکردن بە بەرزاییە کە لە مرۆڤەکاندا زۆر دەگمەنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە