دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی گۆڕان دەکرێتەوە

رووداو 
 
بڕیارە سبەی سێشەممە، دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بکرێتەوە و تاوەکو 25ـی ئەم مانگەش هەڵدەبژێردرێن. ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەکەش دەڵێت، "بڕیارە جگە لە هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، کۆنفڕانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش سەرەتای ساڵی داهاتوو بکرێت".
 
رۆژی دووشەممە، 11-12-2023، عه‌بدوڵڵا قادر فقێ برایم، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی سێشەممە دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی حەوت ئەندامی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێتەوە و دەست بە دابەشکردنی فۆرمەکان بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت".
 
لەبارەی بایەخی هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، عه‌بدوڵڵا قادر فقێ برایم گوتی، "هەڵبژاردنەکان بۆ خۆڕێکخستنەوەی زیاتری بزووتنەوەکەیە، ماوەکان دیاریکراون بۆ ئەوەی کاروبارەکان بە زوویی رێکبخرێنەوە، دوای کردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن، ئیدی کارەکان باشتر بەڕێوەدەچن".
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو بڕیارە تاوەکو رۆژی 25ـی ئەم مانگە هەردوو هەڵبژاردنەکە بکرێن، بەڵام کاتەکەی دیار نییە، واتە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو چیا نەوشیروان مستەفا، کوڕی دامەزرێنەر و رێکخەری یەکەمی بزووتنەوەی گۆڕان، هەوڵی دەستپێکردووە بۆ گێڕانەوەی ئەو کەسانەی لە بزووتنەوەکە دوورکەوتوونەتەوە و ئەگەری هەیە لەکاتی گەڕانەوەیان خۆیان بۆ ئەو پۆستانە بەربژێر بکەن، بەڵام سەرچاوەکانی هەواڵ لە دەرەوەی بزووتنەوەکە باس لەوەدەکەن گەڕانەوەی کەسە زۆر دیارەکان ئەگەرێکی لاوازە، لەوانە عوسمانی حاجی مەحموود دیارترینی ئەو کەسانەیە کە مەرجەکانی بۆ گەڕانەوە بێ وەڵام ماونەتەوە. 
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی گۆڕان، خانەی راپەڕاندن "بەرپرسی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانە لە نێو دوو کۆبوونەوەدا".
 
ئەندامانی خانەکە پێکدێن لە رێکخەری گشتی، سکرتێری کاروباری جڤاتی نیشتمانی، سکرتێری کاروباری فراکسیۆنەکان، سکرتێری کاروباری ژوورەکان، سکرتێری کاروباری باژێڕەکان، سکرتێری کاروباری خەڵک، سەرۆکی جڤاتی نیشتمانی، رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بۆشیان هەیە بۆ سێ خولی هەڵبژاردن خۆیان هەڵبژێرن.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و دواتر رێکخەری گشتی بۆ ماوەیەکی گواستنەوەیی دەبێت و ئەگەری هەیە کە بۆ ماوەی شەش مانگ بێت و دواتر بزووتنەوەکە دووبارە هەڵبژاردنیان بۆ بکاتەوە.
 
 رۆژی چوارشەممە 13-10-2021 رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە و خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانیش رایگەیاند، لە نزیکترین کاتدا دەستەیەک بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە هەڵدەبژێرن.
 
ئەو هەڵوێستەی بزووتنەوەکە دوای ئەوە هات، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی 10-10-2021 لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لە هاوپەیمانییەکی هاوبەش بەناوی هاوپەیمانیی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کردبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنێت.