تەندروستیی هەڵەبجە: لە هۆڵی نەشتەرگەری کارەبا ببڕێت گازمان نییە بۆ موەلیدە


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، "بەهۆی ئەو رۆتیناتەی دروستبووە 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی مەترسی لەدەستدانی بیناییان هەیە و ئەگەر هەیە ئەمڕۆ و سبەی رووناکی لەدەست بدەن." دەشڵێت: "یەک ساڵە داوای گازمان کردووە، تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە." 
 
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە میوانی بوولتەنی نیوڕۆژ بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی هەندێک لە مەڵبەندەکانی تەندروستی لە تەوێڵە و سیروان کارمەندەکانیان نەخۆشکەوتوون لەبەر ئەوەی گەرمکەرەوەیان نییە و لە سەرمادا چارەسەری نەخۆشەکانیان دەکەن، ئەوان پێیان راگەیاندم کە بەم شێوەیە بڕوات ناچار دەبن دەوام رابگرن." 
 
دکتۆر ئازاد مستەفا دەڵێت: "گازمان نییە بۆ ئەوەی موەلیدەی پێ هەڵبکەین، نەخۆشێک بچێتە ژێر بەنج و نەشتەرگەری، ئەگەر کارەبای نیشتمانی ببڕێت، ناتوانین موەلیدە ئیش پێبکەین و راستەوخۆ مەترسی لەسەر گیانی نەخۆشەکە دروستدەبێت یان دەبێت کارەکانمان رابگرین یان دەبێت خۆمان بخەینە ژێر بەرپرسیاریەتی ئەوەی سبەی کەسوکاری نەخۆشێک داوای خوێنی کەسەکەیانمان لێ بکەن." 
 
بەرێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا مانگانە پێویستییان بە 400 ملیۆن دینارە، بەڵام حکومەت 100 ملیۆن دیناریان پێدەدات. گوتیشی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی دەبێت بزانن تەندەرینی دەرمان وەکو تەندەرینێک نییە بۆ پردێک یان قیرتاوکردنی شەقامێک، ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەکەن، بەنیازن بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بکەن." 
 
بە گوتەی دکتۆر ئازاد مستەفا، ئێستا نەخۆشخانەی کیمیاباران بودجەی نییە، بەهۆی رۆتیناتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی نوێکردنەوەی بودجەی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تائێستاش وەڵامی نەبووە، ئەگەر حکومەتی فەرەنسا نەبووایە، ئێستا یەک دەرمان لە نەخۆشخانەکەدا نەدەبوو. 
 
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە رووی دەمی لە وەزیری دارایی دەکات و دەڵێت: "بەهۆی ئەو رۆتیناتەی دروستبووە 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی مەترسی لەدەستدانی بیناییان هەیە و ئەگەر هەیە ئەمڕۆ و سبەی رووناکی چاوەکانیان لەدەست بدەن." 
 
د. ئازاد مستەفا پێیوایە، تەندروستیی هەڵەبجە بووەتە "قوربانی" ململانێی لایەنەکان و دەڵێت: "ئێستا کێشەی کارگەی ئۆکسجینیشمان بۆ زیاد بووە، زیاد لە هەفتەیەکە لە سلێمانییەوە ئۆکسجینمان بۆ دەهێنن، هەر تۆڵەیەک هەیە با لە منی بکەنەوە و لە خەڵکی هەڵەبجەی نەکەنەوە، من وا دەزانم ئەم پەڕاوێزخستنەی هەڵەبجە دەستی لەپشتە، با من باجەکەی بدەم و خەڵکەکەم نەیدات." 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانیان دەدات و رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکات، لەوێ رادەگیرێت، ساڵی رابردوو داوای گازی کردووە تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراومەتەوە. دەشڵێت: "وای لێهاتووە دەبێت هاوڕێ نزیکەکانی وەزیر و بەڕێوەبەرەکان بدۆزینەوە بۆ ئەوەی تکامان بۆ بکەن."