لە کەرکووک مامۆستایانی وانەبێژ خۆپێشاندانیان دەستپێکرد و داوای دامەزراندن دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆر لە مامۆستایانی گرێبەست لە پارێزگای کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە و داوای بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانیان دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 11-12-2022 یەکێک لە مامۆستایانی گرێبەست لەناو خۆپێشاندانەکەدا بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە بودجەی 2023ی عێراق چەسپێندراوە کارمەندانی گرێبەستی وەزارەتی داد و کارەبا بە هەمیشەیی بکرێن و ئێمەش بە مافی خۆمانی دەزانین هاوشێوەی ئەوان گرێبەستەکانمان بکرێتە هەمیشەیی."
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی کەرکووک، ئەوان بۆ ماوەی سێ رۆژ لە خۆپێشاندانەکانیان بەردەوام دەبن و دەڵێت، "داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەین بڕیار لە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانمان بدات، تاوەکو ئەوکاتەی ئەو بڕیارەش دەرنەچێت ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن."
لە کاژێر 09:00ی بەیانییەوە مامۆستایانی گرێبەست لە کەرکووک خۆپێشاندانیان دەستپێکردووە و مامۆستایەکی دیکە بە پەیامنێری رووداوی گوت، "تائێستا هیچ بەرپرسێک لە پەروەردەی کەرکووکەوە بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە."
لە سنووری پەروەردەی کەرکووک نزیکەی 17 هەزار مامۆستای گرێبەست هەن و بەشێک لەو مامۆستایانە دەڵێن، هێشتا لە زۆربەی قوتابخانەکان پێویستیان بە مامۆستای دیکەیە.